شێخ نەهرۆ لە سەر هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵوێستی خۆیی ڕاگەیاند

(0) / / كوردستان / شێخ نەهرۆ کەسنەزانی


Sep 30, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی تەریقەتی کەسنەزانی هەڵوێستی خۆیی لە سەر بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرا کرد و داوای لە خەڵک کرد کە بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن.

شێخ نەهرۆ کەسنەزانی ڕایگەیاند کە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەبێتە هەلێک بۆ ئەو کەسانەی خۆیان مەڵاس داوە، بەڵام خەڵک بە چوونیان بۆ دەنگدان ڕێگا لەو کەسە خەراپانە دەگرن و بێگومان بە دەنگی خەڵک کەسانی باش دەچنە ناو پەرلەمانی عێراق.

ناوبراو وتی: ئێمە لە گەڵ خەڵکداین، لە گەڵ هەموو ڕەنگەکانی ئەوان و داوایان لێدەکەین درووشم و وتەکانیان یەکبخەن و یەکگرتوو بن و ئەو کەسانە هەڵبژێرن کە خزمەتی گەل دەکەن، نەک ئەو کەسانەی دەست بۆ سەروەت و سامانی خەڵک دەبەن و خەڵک برسی و بێ خزمەتگوزاری دەکەن و هیچ پرۆژەیەکیان بۆ دامەزراندنی گەنجەکان نییە.

سەرۆکی تەریقەتی قادری هەروەها وتی: پەیامی ئێمە پەیامی خزمەتگوزاری و بەرەوپێشبردنی گەلی عێراقە تا بگەنە ئاستی وڵاتانی دراوسێ و خەڵک دەتوانن بە هەڵوێستی خۆیان عێراق چاک بکەنەوە و دەنگەکانی ئەوان ڕۆڵێکی گەورەی هەیە و هێشتا هیوایەک بۆ بەدیهاتنی ئەوەش ماوە./.