نەوەی نوێ پرۆژەیەکی شەش خاڵی دەخاتە بەردەم دەسەڵاتدارانی هەرێم

(0) / / كوردستان / نەوەی نوێ


Oct 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە مەبەستی بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە، پرۆژەیەکی شەش خاڵیی پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی کورد کردووە.

نەوەی نوێ لە یەکەم خاڵی پرۆژەکەیدا جەختیکردووە کە بە هیچ شێوازێک بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا ناکات و هیچ پۆست و وەزارەتێک وەرناگرێت.

خاڵی دووەمی پرۆژەکەی نەوەی نوێ ئەوەیە کە وادەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاری بکرێن.

لە خاڵی سێهەمدا هاتووە کە پێکهێنانی کۆمیسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کە لە کەسانی بێلایەن و پسپۆڕ و شارەزا پێک بێت لە داواکارییەکانی دیکەیە تا ئەو دامەزراوەیە لە پشکخوازی و دەستێوەردانی حیزبی بە دوور بێت.

هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی نوێ کە لە کۆمەڵە دادوەرێکی بەتوانا و دوور لە پشکخوازی و لایەنگری حیزبی پێک بێت، لە داواکارییەکانی دیکەی نەوەی نوێیە.

لە خاڵی پێنجەمدا داوا کراوە کە سەرجەم گیراوانی سیاسی و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان ئازاد بکرێن.

لە کۆتا خاڵی پرۆژەکەی نەوەی نوێدا هاتووە کە پێکهێنانی لێژنەیەک بە نوێنەرایەتی هێزە کوردستانییەکانی براوەی کورسی لە پەرلەمانی عێراق و بۆ داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان بە پێویست دادەنرێت./.