شەش گرووپی چەکداری سوریا لە دژی هەسەدە یەک دەگرن / پێکهێنانی لەشکری سێهەم

(0) / / فایلی تایبەت / هەسەدە


Oct 21, 2021

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژی سوپای نیشتمانی سوریا یەکگرتنی گرووپە نەیارەکانی باکوری سوریای لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ شەڕی دژ بە هەسەدە ڕاگەیاند، ئەو شەڕەش بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێت.

عەقید یوسف حەمود وتەبێژی سوپای نیشتمانی سوریا ڕایگەیاند کە یەکگرتنی هێزە نەیارەکانی سوریا بۆ شەڕی دژ بە هێزەکانی سوریای دیمۆکراتە.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار هەواڵی پێکهێنانی لەشکری سێهەمیان ڕاگەیاندووە کە تێیدا 6 گرووپی بەرەی شام، جەیشی ئیسلام، فەیلەقی مەجد، لیوای ئیسلام، تیپی مەلیک شا و تینی 51 یەکیان گرتووە.

وتەبێژی سوپای نیشتمانی سوریا (گرووپە نەیارەکانی بەشار ئەسەد) ڕایگەیاند کە ئەم یەکگرتنەوە ڕاستەقینەیە و لە ئاکامدا دەگاتە لەناوبردنی ئەو چەندین ناوە و پێکهێنانی یەک دامەزراوەی چەکداریی گەورە.

لە لایەکی دیکەوە، هیشام سەکیف جێگری پێشووی بەرپرسی سیاسی لیوای ئیسلام ئەم یەکگرتنەوەی بە گرنگ ناو برد و وتی کە بەم یەکگرتنەوە دامەزراوەیەکی گرنگی چەکداری لە پێناو بەهێزکردنی سوپای نیشتمانی پێک دەهێندرێت.

هاوکات، عەمید عەبدوڵڵا ئەسعەد سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەکانی ڕەسەد ڕایگەیاند کە ئەم یەکگرتنەوە لە گەڵ پرۆسە سەربازییەکانی باکوری سوریا لە دژی هەسەدە پەیوەندیی هەیە.

ناوبراو وتی کە جموجوڵە سەربازییەکان تەنیا پەیوەست بە نەیارانی سوریا نییە و لە بەرەی بەرامبەریش سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانی هێزی سەربازی و چەکی قورس بۆ ناوچەی تەل ڕەفعەت دەگوازنەوە.

بەرپرسانی تورکیاش جەختیان لە سەر نەمانی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات لە باکوری سوریا کردووەتەوە.

پێستریش باس لەوە دەکرا کە تیپی سوڵتان موراد، لەشکری شام – بەشی باکور، شۆڕشگێڕانی شام، تیپی مونتەسەر، تیپی یەکەم، تیپی نۆیەم و لەشکری 112 لە دامەزراوەیەکی چەکداری بە ناوی سائیرۆن یەکیان گرتووەتەوە./.