عەلاوی نەخشەڕێگایەک بۆ چاکسازییەکان لە عێراق دەخاتەڕوو

(0) / / ئاسیا / ئەیاد عەلاوی


Feb 28, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنیە داوایکردووە کە کۆنفرانسێکی نیشتمانی بە بەشداری نوێنەری خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز، سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ ڕاستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەڕێوە بچێت.

ئەیاد عەلاوی لە بەیاننامەیەکدا جەختیکردووەتەوە کە لە پاش بەکارهێنانی توندووتیژی لە دژی بزوتنەوەی گەنجانی عێراقی و ئەو هەڵسووکەوت و تیرۆرانەی کە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی ئەم وڵاتە دەستیپێکردووە و وەبیرهێنەری ڕژێمی بەعسە، پرۆسەی سیاسی وڵات بە قۆناغێکی دژوار گەیشتووە.

ناوبراو جەختیکردووەتەوە کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کە لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس چالاکییان دەکرد هیچ کات باسی ئەم پشکخوازییەی ئێستایان نەکردووە.

عەلاوی ڕایگەیاندووە کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان هیچ کاتیش باسی داگیرکارییان نەکردووە و قەد ڕەزامەندیشیان لە سەری نەبووە و جێی داخە کە لە ئەنجامی داگیرکاری، ئەمڕۆ عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.

ڕاشیگەیاندووە کە ئەم ڕێژەیە لە گەندەڵی کە بووەتە کێشەیەکی گەورەی بەردەم پرۆسەی سیاسی وڵات و هەروەها کێشەیەکی گەورەی دیکە بە ناوی چەکی بێ موڵەت و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری و هەوڵی گرووپ و لایەنەکان بۆ دۆزینەوەی پاڵپشتی دەرەکی هیچ کات لە ڕیزی بیرۆکەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سەردەمی بەعس نەبووە.

عەلاوی داوای لە سەرجەم ئەو هێز و لایەنانە کردووە کە سەردەمێک دژی ڕژێمی بەعسی سەدام خەباتیان کردووە کە کۆنفرانسێکی نیشتمانی بەڕێوە ببەن و لەو کۆنفرانسەدا نەخشەڕێگای داهاتووی پرۆسەی سیاسی عێراق دابڕێژرێت و ڕێگری لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی ئەم وڵاتە بکرێت.

سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنیە وتی کە ئەم کۆنفرانسە لە ئەگەری سەرکەوتنی دەتوانێت عێراق بە ڕاستە ڕێگای چاکسازی و جێبەجێکردنی دەستوور و مسۆگەربوونی شەفافیەتی هەڵبژاردنەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆتایی هێنان بە دیاردەی چەکی بێ موڵەت ببات./.