عەلاوی: دەنگی شەڕ لە ناوچەکە دەبیسترێت
(0) /
سەرۆکی هاوپەیمانی الوطنیە ی عێراق بە ئاماژە بە ئاڵۆزیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە وتی کە دۆخەکە بە ئاراستەی شەڕدا دەڕوات و لەو شەڕەشدا هەمووان دۆڕاو دەبن.
ئەیاد عەلاوی لە بەیاننامەیەکدا وتی کە دەنگی شەڕ لە ناوچەکەدا دەبیسترێت تا کێشەی نوێ بۆ وڵاتانی ناوچەکە بخوڵقێنن.
ناوبراو وتی کە ئەمڕۆ سوریا و لوبنان لە قەیرانێکی گەورەدان، یەمەن و لیبیا تووشی شەڕێکی ڕۆخێنەر هاتوون و لە ڕۆژهەڵاتیش ئەمریکا شکستی هێنا و تاڵیبان سەرکەوت لە بەر ئەوەی کە حکومەتە هاوپەیمانەکەی ئەمریکا پرۆژەی ئاشتەوایی نیشتمانیی قبووڵ نەدەکرد، هەروەها ئاڵۆزییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا پەرەی سەندووە و ئێران و تورکیای بە خۆوە سەرقاڵ کردووە و هەروەها ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجانیش ڕووی لە زیادبوون کردووە.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق وتی کە لە بەرەی ڕۆژهەڵاتەوە هەوڵی خوڵقاندنی کێشە بۆ ئێران دەدەن و پێدەچێت کە ئاڵۆزییەکان لە گەڵ ئازەربایجانیش لەم چوارچێوەدا بێت.
وتیشی کە تورکیا لە گەڵ یۆنان و قوبرس کێشەی هەیە و ئیسرائیل لە ئەگەری شکستی دانوستانی ناوەکی خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران ئامادە دەکات.
ئەیاد عەلاوی جەختیکردەوە کە ئاڵۆزییەکان کاریگەری نەرێنی لە سەر ناوچەکە دادەنێت و لە ئەگەری هەر شەرێک، هەمووانی تێدا دۆڕاو دەبن و تەنیا کێشەکانی ناوچەکە زیاتر دەبێت./.
تێبينيێك بنێرە: