توتاڵ بڕیارە لە عێراقدا چی بکات؟

(0) / / ڕاپۆرت / عێراق


Nov 30, 2021

قەبارەی فۆنت:

عێراق گرێبەستێکی لە گەڵ گرووپی کۆمپانیاکانی توتاڵی فەرەنسا بە بڕی 27 ملیار دۆلار و بە ئامانجی جێبەجێکردنی 4 پرۆژە لە بوارەکانی گاز و کارەبا واژۆ کردووە کە دەبێت ژێرخانەکانی کەرتی وزەی ئەم وڵاتە بەهێز بکات.

گرێبەستەکە وەک ڕێکەوتنێکی کۆتایی واژۆ کراوە و واژۆکردنەکەش لە شاری بەغدا بە ئامادەبوونی پاتریک پویان کارگێڕی گشتی کۆمپانیای توتاڵ و بەرپرسانی حکومەتی عێراق بووە.

ئێحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە کۆمپانیا فەرەنسییەکە 4 پرۆژەی گەورەی وزە لە باشوری ئەم وڵاتە بە بڕی 27 ملیار دۆلار جێبەجێ دەکات.

ناوبراو وتی کە ئەم گرێبەستەش گەورەترین وەبەرهێنانی کۆمپانیایەکی بیانییە لە عێراق و کێشەی سەرەکی لە ئێستادا جێبەجێکردنی پرۆژەکانە.

گرێبەستەکەی حکومەتی عێراق و کۆمپانیای توتاڵ بە یەکێک لە گەورەترین گرێبەستەکانی کەرتی وزەی ئەم وڵاتە هەژمار دەکرێت و 4 پرۆژە لە خۆ دەگرێت، 3 پرۆژە لە بواری وەبەرهێنانی گاز و نەوت و ئەوی دیکە لە بواری وەبەرهێنانی کارەبا لە وزەی تیشکی خۆر.

بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق، یەکەمین و گرنگترینی پرۆژەکان، پرۆژەی کۆکردنەوە و پاڵاوتنی گازە لە سەرجەم کێڵگەکانی دەرەوەی ڕێکەوتنی گازی بەسرە و 5 کێڵگە لە خۆ دەگرێت.

دووەم پرۆژەش، درووستکردنی کۆمەڵەیەکی گەورەی گازی ناوەندی لە کێڵگەی ئەرتاوی لە باشوری ڕۆژهەڵاتە. سێهەم پرۆژە درووستکردنی وێستگەیەکی وەبەرهێنانی هەزار مێگاوات کارەبایە لە وزەی تیشکی خۆر.

پرۆژەی چوارەمیش، پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتیی ئەرتاوییە بە ئامانجی زیاتربوونی دابینکردنی گاز و پەرەپێدانی بیرەکانی ڕووباری ئەروەند.

کارگێڕی گشتی کۆمپانیای توتاڵ ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیاکە بە سەرمایەگوزارییەکی 10 ملیار دۆلاری کارەکانی دەست پێدەکات.

کۆمپانیای توتاڵ کە بارەگاکەی لە شاری پاریسە، یەکێک لەو شەش کۆمپانیا زەبەلەحەی نەوتە لە عێراق کە لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە وەبەرهێنان دەکات.

عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت، لە ئێستادا 16000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت و ئەمەش زۆر کەمترە لە ڕێژەی پێویستی ئەم وڵاتە کە 24000 مێگاواتە و لە وەرزی هاویندا دەگاتە 30000 مێگاوات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق ڕەنگە تا ساڵی 2050 دوو هێندە زیاتر ببێت و ئەمەش ڕێژەی بەکارهێنانی وزە زیاتر دەکات.

عێراق خاوەنی یەدەکێکی زۆری نەوت و گازە و دووەم وڵاتە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ناسراو بە ئۆپێک کە لە سەدا 90 ی داهاتەکانی لە ڕێگای هەناردەی نەوتەوە دابین دەکرێت بەڵام ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورەی وزە بووەتەوە و بێ کارەبایی بەردەوام دانیشتووانی ئەم وڵاتەی توڕە کردووە، یەکێک لە هۆکارەکانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراقیش کەمبوونی کارەبا و وزە بووە./.