مەلیک سەلمان و 482 ڕۆژ کەرەنتین؛ لە کۆشکی نیۆمی سعوودیە چی دەگوزەرێت؟

(0) / / فایلی تایبەت / مەلیک سەلمان بن سەلمان


Dec 09, 2021

قەبارەی فۆنت:

ماوەی 482 ڕۆژی بەردەوامە کە مەلیک سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعوودیە، خۆیی لە کۆشکەکەی لە شارە بیابانییەکەی نیۆم لە باکوری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە کەرەنتین کردووە.

مانەوەی مەلیک سەلمانی 85 ساڵە بەم شێوازە بەردەوامە، درێژەی بە دەنگۆکان لە سەر ڕەوشی تەندرووسی ناوبراو داوە و ژمارەیەک لە شارەزایان و ئەوانەی ئاگاداری دۆخی سعوودیەن، ڕایانگەیاندووە کە ڕەنگە سەلمان تووشی چەشنێک لە ئەلزهایمەر بووبێت، هەرچەندە لە ڕاستیدا تەندرووستی ناوبراو لە ڕیزی بابەتە هەستیار و نهێنییەکانی سعوودیە دادەنرێت.

لە ساڵی 2015، بەرپرسانی دیوانی پاشایەتی سعوودیە بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستیان ڕاگەیاند کە شای ئەم وڵاتە تووشی هیچ کێشەیەک نەبووە کە بتوانێت کاریگەری لە سەر کار و چالاکییەکانی دابنێت، ئەوان بە دیاریکراوی ئاماژەیان بە نەخۆشیی ئەلزهایمەر دابوو.

شای سعوودیە لە تەمموزی ساڵی 2020 نەشتەرگەری کیسەی زەرداوی بۆ کرا و پاشان لە 12 ی ئابی 2020 ڕاگەێندرا کە بۆ پشوودان براوەتە کۆشکی نیۆم.

ئەمەش هاوکات بوو لە گەڵ پەرەسەندنی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا. مەلیک سەلمان لەم ماوەیەدا بەردەوام بە شێوازی ئۆنلاین بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا کردووە.

شارەزایەکی کاروباری سعوودیە ڕایگەیاندووە کە هۆی مانەوەی مەلیک سەلمان لە نیۆم بۆ دوردەستیی ناوچەکە و پاراستنی لە ڕووی ئاسایشەوە دەگەڕێتەوە.

ئەگەرچی شای سعوودیە وەک کەرەنتین کراوە بەڵام باشترین خزمەتگوزاری پزیشکیی بۆ دەکرێت. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار 12 پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشخانەی Cleveland Clinic چاودێری دۆخی تەندرووستی ئەو دەکەن. ئەو نەخۆشخانەیە لە ئەمریکایە و بەردەوام خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەش بە کاربەدەستان و سەرکردەی وڵاتانی جیهان دەکات.

لە ئێستادا بازاڕی پێشبینیکردنی مردنی شای سعوودیە گەرم بووەتەوە و دیار نییە کەی بن سەلمانی کوڕ پاڵ بە کورسییەکەی باوکییەوە دەدات./.