دانوستانەکانی ڤیەننا؛ بەرەوپێشچوون و ناکۆکییەکان

(0) / / ڕاپۆرت / دانوستانەکانی ڤیەننا ئێران ئەمریکا


Dec 17, 2021

قەبارەی فۆنت:

لایەنەکانی بەشدار لە دانوستانەکانی ڤیەننا لە سەر ئەوە گەیشتوونەتە ڕێکەوتن کە تەنیا کەسێک مافی لێدوانی ڕۆژنامەوانیی لە سەر ڕەوتی دانوستانەکان هەیە، ئەنریکە مورا جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا و ڕێکخەری لێژنەی هاوبەشی ڕێکەوتنی ناوەکییە.

ئەوەی کە هیچ هەواڵێک لە سەر ناوەڕۆکی دانوستانەکانی ڤیەننا بڵاو نابێتەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرجەم لایەنەکان لە سەر دەستنیشانکردنی تەنیا کەسێک وەک ڕێگاپێدراوی ڕۆژنامەوانی گەیشتوونەتە ڕێکەوتن، ئەو کەسەش ئەنریکە مورایە کە جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەورووپایە و ڕێکخەری کاروباری لێژنەی هاوبەشی ڕێکەوتنی ناوەکیشە.

هۆی گرتنەبەری بڕیارەکەش ئەوەیە کە چەندین لایەنی دەرەوەی چوارچێوەی وڵاتانی دانوستانکار نەتوانن لە ڕێگای میدیاییەوە زیان بە کەشی دانوستانەکان بگەێنن.

لە ڕۆژانی ڕابردوو، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپیی بەشدار لە دانوستانەکانی ڤیەننا گەیشتنە ئەوەی کە کاتێک وەک کۆتایی دانوستانەکان دیاری بکەن، ئەو ماوەیەش کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2021 بووە کە ئێران بە توندی ئەوەی ڕەتکردووەتەوە.

ئەوەی کە لەم چەند ڕۆژەی دانوستانەکانی ڤیەننا لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە باس کراوە، پێشنیارەکانی لایەنەکانە بە تایبەت لە نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئێران و هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا.

لە سێ ڕۆژی ڕابردوو کۆبوونەوە و دانوستانی چڕ لە ئاستە جیاجیاکان لە نێوان لایەنەکان – بەدەر لە ئێران و ئەمریکا – بەڕێوەچووە تا ئەم گەڕەی دانوستانەکان بە بێ پێشکەوتن بە کۆتایی نەگات، بە تایبەت ئەوەی کە پشووەکانی سەری ساڵە و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە گەڕی نوێی دانوستانەکان پاش ماوەیەک وەستان دەست پێبکاتەوە.

ئەو لایەنانە لەوەش نیگەران بوون کە گەڕی ئێستای دانوستانەکان بە کۆتایی بگات و شاندەکان بۆ وڵاتانی خۆیان بگەڕێنەوە لە کاتێکدا کە هیچ بەرەوپێشچوونێک مسۆگەر نەکرابێت و ئەمەش زیان بە ڕەوتی دانوستانەکان بە گشتی دەگەێنێت بە تایبەت ئەوەی کە ڕەنگە تا دەستپێکردنەوەی گەڕی نوێی دانوستانەکان هەڵمەتە میدیاییەکان زیانی جیدیی بە دواوە بێت.

بەڵام تەنیا پێشکەوتنێک کە مسۆگەر بووە، کەمبوونەوەی ناکۆکییەکان سەبارەت بە پرسی ناوەکی و دیاریکردنی ڕیزی خاڵە ناکۆکەکانە کە دەتوانێت ڕەشنووسێک بۆ بەردەوامی دانوستانەکان بێت.

ڕێکەوتنەکەی ڕۆژانی ڕابردووی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی سەبارەت بە دامەزراوەی ناوەکیی کەرەج ئەنجامی لێک تێگەیشتنی لایەنەکانی بەشدار لە دانوستانەکانی ڤیەننا لە گەڵ ئێران بووە.

ئەم بەرەوپێشچوونەش نەگەیشتووەتە هیچ هەنگاوێک لە سەر هەڵگرتنی گەمارۆکان و ئەمریکا سەبارەت بە داواکارییەکانی ئێران هێندە نەرمیی پیشان نەداوە و ئامادە نییە زیاتر لە بەڵێنەکانی پێشووی لە سەر گەمارۆکان هەنگاو بنێت.

لە گەڕی شەشەمی دانوستانەکان ئەمریکا ڕەزامەندیی لە سەر هەڵگرتنی 1040 سزا و گەمارۆی سەر ئێران دەربڕی کە پەیوەندییان بە دۆسیەی ناوەکییەوە هەبووە و شاندی دانوستانکاری پێشووی ئێران تا ڕادەیەک ئەوەی قبووڵ کردبوو بەڵام شاندی نوێی دانوستانکاری ئێران ڕەتیکردووەتەوە و جەخت لە سەر هەڵگرتنی 1500 سزای سەر وڵاتەکەی دەکاتەوە  و داوایکردووە کە سەرجەم گەمارۆکانی تایبەت بە دۆسیەکانی ناوەکی، مووشەکی و مافی مرۆڤ هەڵبگیرێت لە بەر ئەوەی کە هەموویان ئەنجامی کشانەوەی ئەمریکان لە ڕێکەوتنی ناوەکی.

دانوستانەکان بەردەوام ڕوبەڕوی بەربەست و داواکارییەکی زۆری هەر دوو لا بووەتەوە و ئەو بەرەوپێشچوونەش کە باس دەکرێت هێندە گەورە نییە بتوانین بە هەنگاوێک بەرەو ڕێکەوتنی کۆتایی ناوی ببەین./.