هادی عامری بە نوێنەرایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی و بە دوو مەرجەوە سەردانی سەدر دەکات

(0) / / ئاسیا / هادی عامری سەید موقتەدا سەدر


Jan 15, 2022

قەبارەی فۆنت:

لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە لە نزیکترین کاتدا ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان کۆدەبنەوە و هادی عامریش بە نوێنەرایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی بە دوو مەرجەوە دانوستانەکان نوێنەرایەتی دەکات.

سەعد ساعدی یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وتی کە کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئەم چوارچێوە و ڕەوتی سەدر نییە و دەرگاکانی وتووێژی بە کراوەیی ماوەتەوە و چاوەڕوانی ئەوەش دەکەین سەدر وتووێژەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ دەست پێبکاتەوە.

ناوبراو وتی کە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران کۆدەنگییەکی سیاسی هەیە کە دەبێت ڕەزامەندی سەرجەم لایەنەکان بە تایبەت لایەنەکانی شێعەی لە سەر بێت.

وائیل ڕکابی لە ئەندامانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش هەر لە سەر ئەم پرسە ڕایگەیاند کە زۆرینەی سیاسی بە پێی عورفی ناوخۆیی عێراق بووەتە بەشدارییەکی نیشتمانی و بە پێی ئەوەی کە سەرۆک وەزیران پشکی شێعەکانە، کەلێن و ناکۆکی لە نێوان لایەنەکانی شێعە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە و هەوڵەکانی ڕەوتی سەدر یان چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی کابینە بە تەنیایی ئەنجامی کارەساتباری دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند کە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەکەی ماڵی سەید عەمار حەکیم بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە گەڵ ڕەوتی سەدر گەیشتنە ڕێکەوتن و بڕیارە هادی عامری بە نوێنەرایەتی ئەوان بچێتە دانوستانەکانەوە.

ئەو سەرچاوانە ڕایگەیاندووە کە لەو کۆبوونەوەدا ڕێکەوتن کراوە کە عامری لە دانوستانەکانی لە گەڵ سەید موقتەدا سەدر هەڵگری دوو مەرجی چوارچێوەی هەماهەنگی بێت. یەکەم ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران ڕاوێژ بە چوارچێوەی هەماهەنگی بکرێت و دووەم ئەوەی کە لە حکومەتی داهاتوودا چوارچێوەی هەماهەنگیش دەبێت پشکی هەبێت./.