لە کۆبوونەوەکەی نەجەف عامری داوای چی لە سەدر کردووە؟

(0) / / ئاسیا / هادی عامری نوری مالیکی سەید موقتەدا سەدر


Jan 16, 2022

قەبارەی فۆنت:

چەند سەرچاوەیەکی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەید موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر سێ پرسی بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی سیاسی نێوان هەر دوو لا تاوتوێ کردووە.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە عامری جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران مافی ڕەوتی سەدرە بەڵام لە بەرامبەردا لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکانیش مافی ڤیتۆکردنی کەسەکانیان هەیە.

بە وتەی سەرچاوەکان، عامری داوای لە سەدر کردووە کە ئیشی بە ڕێکخراوی حەشدی شەعبییەوە نەبێت و چوارچێوەی هەماهەنگی مافی ڤیتۆی هەر بڕیارێکی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی لە پرسە ئەمنییەکاندا هەبێت.

ئەوان ڕایانگەیاندووە کە بە پێداگریی سەدر لە سەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و نەبوونی هاوپەیمانی لە گەڵ دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی و عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خزعەلی، ئەگەر بوونی ئەو دوو لایەنە بە ئۆپۆزسیۆن زیاتر بووە و عامریش لە گەڵ ئەمەدا ڕاهاتووە بەڵام داوایکردووە کە لە پاش پێکهێنانی حکومەت هیچ لێپرسینەوەیەک لە گەڵ نوری مالیکی نەکرێت.

هەروەها چەند سەرچاوەیەکی دیکەش ڕایانگەیاندووە کە سەدر لەو کۆبوونەوەدا بە عامریی ڕاگەیاندووە کە ئامادەی هاوپەیمانییە لە گەڵ سەرجەم هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەر لە نوری مالیکی و هەوڵەکانی عامری بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی سەدر و مالیکی ئەنجامێکی نەبووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوانە، سەدر ڕایگەیاندووە کە حکومەتی ” تەوافوقی ” خۆکوژیی سیاسییە و داواکاری خەڵک پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی سیاسییە./.