وتەبێژی پارتی هۆشداری بە یەکێتی دەدات

(0) / / كوردستان / مەسعود بارزانی بافڵ تاڵەبانی


Jan 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وتی کە دەبێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرپرسیاریەتی دۆخی ئێستا و دواتری ئەو لێکترازانەی هاتووەتە کایەوە لە ئەستۆ بگرێت.

مەحمود محەممەد ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەێندراوێکی بە ناوی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە بڵاو کردەوە کە وەڵامێکە بۆ ڕاگەێندراوەکەی ڕۆژی یەک شەممەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند کە لە پاش ئاشکرابوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، شاندێکی پارتی لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەو حیزبە سەردانی لایەنەکانی کوردستانی کرد و لە سەر ئەو بنەمایەش یەکەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی بەڕێوەچوو و مەسعود بارزانیش پێشوازیی لە بافڵ تاڵەبانی کرد.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئەندامانی یەکێتییی لە شاندە هاوبەشەکە بەوە تۆمەتبار کردووە کە ڕوانگەیەکی ڕوون و توانای بڕیاردانیان نەبووە و بە بێ ئاگاداری پارتیش لە شاندە هاوبەشەکە کشاونەتەوە.

مەحمود محەممەد ڕایگەیاند کە یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان یەکەم هەنگاوی بۆ تێکدانی یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق هەڵگرت.

وتەبێژی پارتی جارێکی دیکە دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار مافی کوردە نەک لایەنێک و کەسێکی دیاریکراو.

ڕاشیگەیاندووە کە دەبێت یەکێتی بەرپرسیاریەتی دۆخی ئێستا و دواتری ئەو لێکترازانەی هاتووەتە کایەوە لە ئەستۆ بگرێت./.