عێراق داوای قەرەبوو لە ئیسرائیل دەکات
(0) /
نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبوونەوەیەکی بۆ دیاریکردنی میکانیزمی یاسایی وەرگرتنی قەرەبووی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر وێستگەی ناوەکیی عێراق لە ساڵی 1981 بەڕێوە برد.
ئاژانسی فەرمی عێراق ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ سێ شەممە کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ دەستپێکردنەوەی دۆسیەی وەرگرتنی قەرەبووی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر وێستگەی ناوەکیی عێراق لە ساڵی 1981 بەڕێوە چووە.
لەو کۆبوونەوەدا بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، داد، جێگرانی یاسایی و ئەمنیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بەرپرسی دۆسیەی وزەی ناوەکی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و بەرپرسانی دیکەی پەیوەندیدار بەشدارییان کرد.
شارەزایانی بەشدار لەو کۆبوونەوەدا جەختیان لە سەر پێویستی بەدواداچوونی یاسایی مافەکانی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتی کردەوە./.
تێبينيێك بنێرە: