وتارخوێنی هەینی مەشهەد: سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق ڕاسپاردەی ئەمریکییەکان بووە

(0) / / ئاسیا / ئایەتووڵا سیستانی


Mar 12, 2021

قەبارەی فۆنت:

وتارخوێنی هەینی مەشهەد لە ئێران وتی کە پاپا ڕاسپاردەیەکی ئەمریکیی هەبوو و پێی وابوو لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا، سەرچاوەکەی بۆ مەرجەعیەتی شێعە دەگەڕێتەوە و دەتوانێت وا لە ئایەتووڵا سیستانی بکات کە داوا لە خەڵکی عێراق و حەشدی شەعبی بکات شەڕی ئەو وڵاتە نەکەن.

ئایەتووڵا سەید ئەحمەد عەلەمهودا وتی کە میدیاکانی ڕۆژئاوا هەوڵی ئەوەیان دەدا کە لەم سەردانەی پاپ پرۆژەی دووجەمسەری لە نێوان شێعەکان جێبەجێ بکەن تا پیشان بدەن کە ناوەندی ئائینی لە نەجەف سکۆلارە و ئیشی بە سیاسەتەوە نییە و ناوەندی ئائینی قۆم ناوەندێکی سیاسی و شۆڕشگێڕییە و شێعەکان بوونەتە دوو جەمسەرەوە.

ئەو کەسایەتییە ئائینییەی ئێران وتی کە دوژمنان لەمەش زیاتر هەوڵیان داوە کە مەرجەعیەتی شێعەکانیش بە دوو جەمسەری پیشان بدەن، واتە مەرجەعێکی سکۆلار بە ناوی ئایەتووڵا سیستانی و مەرجەعێکی سیاسی و شۆڕشگێڕ بە ناوی ڕێبەری ئێران.

عەلەمهودا ئاماژەشی بە هۆکاری سەردانەکەی پاپا بۆ عێراقدا و وتی کە ئەو لە سەر ڕاسپاردەی ئەمریکییەکان هەوڵی ئەوەیدەدا ئایەتووڵا سیستانی داوا لە خەڵکی عێراق و حەشدی شەعبی بکات کە شەڕی ئەمریکییەکان نەکەن./.