لە پەرلەمانی عێراق چی دەگوزەرێت؟

(0) / / فایلی تایبەت / محەممەد حەلبوسی شاخەوان عەبدوڵڵا حاکم زامڵی


Apr 05, 2022

قەبارەی فۆنت:

ناکۆکییەکانی نێوان سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و جێگری یەکەمی بووەتە بابەتی گرنگی میدیایی لەم وڵاتە و ڕەنگە کاریگەری لە سەر ڕێکەوتنە سێقۆڵییەکەی نێوان سەدر و بارزانی و حەلبوسی دابنێت. هۆکاری ناکۆکییەکەش ئەوەیە کە حاکم زامڵی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دژی ئەوەیە کە بە جێگر ناو ببرێت و دەیەوێت وەک بەشێک لە دەستەی سەرۆکایەتی بێت، حەلبوسیش بە توندی ئەوەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دەستەواژەی دەستەی سەرۆکایەتی بوونی یاسایی نییە.

محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە نامەیەکدا بەکارهێنانی دەستەواژەی دەستەی سەرۆکایەتیی بۆ پەرلەمانی ئەم وڵاتە قەدەغە کردووە و ڕایگەیاندووە کە مادەکانی 54 و 55 ی دەستووری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پیشان دەدەن کە بەکارهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی بۆ پەرلەمان نایاساییە.

ناوبراو هەروەها لە فەرمانێکی دیکەدا ڕایگەیاندووە کە هەر لێکۆڵینەوەیەکی ئیداری یان سزادانی هەر فەرمانبەرێک لە پەرلەمان دەبێت تەنیا بە فەرمانی ئەو بێت.

حەلبوسی فەرمانیشی بۆ سکرتێری پەرلەمان دەرکردووە کە هەر فەرمانێکی دیکەی پەرلەمان تەنیا بە واژۆی ئەو بێت و کەسی دیکە بۆی نییە ئەو کارە بکات. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەر دوو جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمان.

لە بەرامبەردا حاکم زامڵی ئەندامی ڕەوتی سەدر و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کاردانەوەیەکدا ڕایگەیاند کە بەکارهێنانی دەستەواژەی دەستەی سەرۆکایەتی لە گەڵ مادە دەستوورییەکان یەک دەگرێتەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەوانەی نامە و نووسراوی پەرلەمانیان بردووەتە دەرەوە، ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.

ناوبراو ناکۆکییەکانی بە بچووک ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە بە پێی یاسا و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان چارەسەر دەکرێن.

شەڕە یاساییەکەی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە لە گەڵ زامڵی جێگری یەکەمی پەرلەمان و ئەندامی ڕەوتی سەدر کە پێکهێنەری هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتمانین، داهاتووی هاوپەیمانییەکەی سەدر، بارزانی و حەلبوسیی خستووەتە مەترسییەوە./.