بارزانی لە سەدر بێهیوایە و هەڵوێستی لە سەر سەرۆکایەتی کۆمار دەگۆڕێت

(0) / / فایلی تایبەت / مەسعود بارزانی فازڵ میرانی


May 17, 2022

قەبارەی فۆنت:

پاش ئەوەی کە سەید موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی لە گەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان سەرکەوتوو نەبوو، دەنگۆی گۆڕینی هەڵوێستی مەسعود بارزانی و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاو بووەتەوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەروەها پێکهێنانی هاوپەیمانی سێقۆڵیی سەدر، بارزانی و حەلبوسی، سەرۆکی ڕەوتی سەدر ئەوەی پیشاندا کە نایەوێت و ناتوانێت لە گەڵ نەیارانی بگاتە ڕێکەوتن، بەم بۆنەوە دەبینین کە هەڵوێست و لێدوانی بەرپرسانی پارتی لە بەرامبەر یەکێتی بە ڕادەیەکی زۆر تووشی گۆڕانکاری بووە.

بەرپرسانی پارتی بەو ئەنجامە گەیشتوون کە داخستنی دەرگای وتووێژ بە ڕووی یەکێتی بە هیچ ئەنجامێک ناگات لە بەر ئەوەی کە ناتوانن لە ڕێگای سەدرەوە ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن.

چاوپێکەوتنەکەی فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لە گەڵ دەنگی ئەمریکا سرنجێکی زۆری کەوتووەتە سەر. ناوبراو بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لە گەڵ یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری عێراق و ئەگەری ڕێکەوتنی بە دوور نەزانی.

ئەڵبەت ناوبراو ڕایگەیاندووە کە مەسعود بارزانی لە گەڵ بافڵ تاڵەبانی وەک مام و برازا کۆدەبێتەوە.

میرانی وتی کە لە ئاکامدا بەرژەوەندییەکانی کورد گرنگی زیاتری لە هەر پرسێکی دیکە هەیە، وێڕای ئەوەی کە پارتی پێداگری لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات بەڵام ئەگەری گۆڕینی هەموو شتێک هەیە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە پرسی سەرۆک کۆمار تەنیا 10 خولەک بۆ شێعەکان گرنگە، ئەویش لە میانەی خواردنی سوێندی یاسایی و ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، پاش ئەوەش نە شێعە و نە سوننە کاریان بە سەرۆک کۆمارەوە نییە لە بەر ئەوەی کە ناتوانێت شتێک بکات.

ئەمەش بە واتای هەڵگەڕانی پارتییە لە هەڵوێستی پێشووی کە بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە پۆستی سەرۆک کۆماری بە لاوە گرنگە و دەبێت کاندیدەکەی سەرکەوتن بە دەست بێنێت.

بارزانی بەم دۆخەوە بەوە گەیشتووە کە بەردەوامیی کێشەکان لە گەڵ یەکێتی لە بەرژەوەندی ئەودا نییە، بە تایبەت ئەوەی کە کاریگەری ناکۆکییەکان لە گەڵ یەکێتی ڕەنگدانەوەی لە سەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێت./.