ئایا مەسعود بارزانی لە پشتەوە خەنجەری لە موقتەدا سەدر داوە؟

(0) / / وتار / مەسعود بارزانی موقتەدا سەدر


Jun 23, 2022

قەبارەی فۆنت:

سعدد الصلحی

دەست لە کارکێشانەوەی بەکۆمەڵی ئەندامانی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر لە پەرلمانی عێراق لە ئەنجامی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەکەی ناوبراو لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان بووە.

دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوا دەڵێت کە ڕکارەبە سیاسییە پاڵپشیکراوەکان لە لایەن ئێرانەوە بوونە هۆکاری کەلێن و ناکۆکی لە نێوان دوو هێزی کۆنی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق، واتە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و ڕەوتی سەدر. گوشارەکان لە سەر بارزانی و سەدر زۆر بووە و لە ئاکامدا گەیشتە ئەوەی کە بارزانی بە سەدری ڕاگەیاند کە هاوپەیمانییەکە ئەنجامێکی نابێت.

هێشتا دیار نییە دۆخی سیاسی بەرەو کوێ دەڕوات بەڵام ئەو لایەنەی لە کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان سوود دەکات، چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتیکراوە لە لایەن ئێرانەوە کە ژمارەیەکی بەرچاو کورسی بە دەست دێنێتەوە.

کشانەوەی لەناوکاوی سەدرییەکان، هاوپەیمانان و نەیارانی ئەوی تووشی شۆک کردووە. پاش سەرکەوتنی هاوپەیمانی سائیرۆن لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەم، سەدر کۆتایی بە هەژمونی لایەنەکانی نزیک لە ئێران و مۆدێلی حکومڕانیی ئەوان هێنا کە لە پاش ڕووخانی سەدام لە سەر بنەمای پشکخوازیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بووە، بەمەش سەدر ویستی گۆڕانکارییەکی جیدی سیاسیی لە عێراقدا هەبوو.

لە کۆتایی کانوونی دووەم، سەدر هاوپەیمانییەکی سێقۆڵیی بە ناوی ڕزگاریی نیشتمان لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان پێکهێنا و پاڵپشتی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانیشی بە دەست هێنا. سەرەڕای ئەمەش لایەنەکانی نزیک لە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر ڕەوتی سەدر و پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەستپێکرد. یەکەم هەنگاویش لە مانگی شوبات بوو کە دادگای فیدراڵی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە، ئەو یاسایەی کە لە ساڵی 2007 تا ئێستا وایکردبوو هەرێمی کوردستان بە شێوازی سەربەخۆ و تاکلایانە بە بێ ڕەزامەندیی بەغدا نەوتەکەی هەناردەی دەرەوە بکات و هەمان پلانیشی بۆ گازی سرووشتی هەبێت. لە هەنگاوی دووەمدا بنکەیەکی سەربازی سەر بە ئیسرائیل لە هەولێر کرایە ئامانج. لە پاش هێرشەکەی مانگی ئادار، چەند هێرشێکی دیکە بەرژەوەندییەکانی پارتیی کردە ئامانج، وەک ئەوەی کە لە هێرشی سەر بارەگاکەی لە بەغدا ڕوویدا.

گوشارەکانی سەر سەدر و هاوپەیمانەکانی بەردەوام بوو. نەیارەکانی دیسانەوە پەنایان هێنایە دادگای فیدراڵی و بەوە گەیشتن کە حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستا مافی پێشکەشکردنی پرۆژەیاساکانی بۆ پەرلەمان نییە و لەمەش زیاتر ناتوانێت گۆڕانکاری لە پۆستە باڵا و کاریگەرەکاندا بکات.

سەدر هەوڵی دەربازبوونی لەم گوشارە دەدا و فەرمانی بە فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان دا کە پرۆژەیاسایەک بۆ بەتاوان ناساندنی هەر پەیوەندییەک لە گەڵ ئیسرائیل پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بە ناردنی نەوت بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کرابوو. بەرپرسانی هەرێم مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لە گەڵ ئیسرائیل ڕەتکردووەتەوە.

سەدر و هاوپەیمانەکانی هەوڵی ئەوەیاندا کە پرۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک پەسەند بکەن کە 25 ملیار دۆلار لە داهاتی زیادەی هەناردەی نەوت دەداتە حکومەتی ئێستا. ئەم پارەش دەتوانێت تەمەنی کابینەکەی مستەفا کازمی بۆ چەند مانگی دیکە بەرز بکاتەوە و هەروەها دەرفەتی ئەوەشی دەدایە سەدر و هاوپەیمانەکانی کە نەیارەکانی خۆیان ناچار بە قبووڵکردنی پرۆژەکەیان بکەن.

بۆ بارزانی بابەتێک ڕوون و ئاشکرا بوو کە سەدر لە کێشەی نەوت و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نابەێتە پشتیوانی هەرێمی کوردستان.

لە 8 ی حوزەیران، بە ئامادەبوونی 273 ئەندام، پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای ئاسایشی خۆراکی پەسەند کرد. پاش نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر، سەدر بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، وتارێکی تەلەفزیۆنیی هەبوو و وتی کە هەوڵی گەیشتن بە دەسەڵات نادات و تەنیا دەیەوێت پارێزەری کەرامەت، ئاسایش، خۆراک و ئاسوودەیی خەڵک بێت. لە ئاکامدا داوای لە ئەندامانی فراکسیۆنی ڕەوتەکەی کرد کە دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان ڕادەست بکەن. دیار نییە کە لەو 20 کاتژمێرەی نێوان بەیاننامەی ئاهەنگی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک تا فەرمانەکەی سەدر بۆ دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنەکەی چی ڕوویداوە.

چەند سەرچاوەیەک دەڵێن کە هەنگاوەکەی سەدر پەیوەندی بە پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە نییە و پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی نێوماڵی شێعەوە هەیە. ڕاوێژکارێکی باڵای بەرهەم ساڵح ڕایگەیاندووە کە سەدر لە ناکاو پاشەکشەی کرد، ئەو ناچار بوو ئەم بڕیارە دەربکات، ئەو جۆرە کە کەسە نزیکەکانی دەڵێن ئەمە هەڵبژاردەیەک نەبووە./.