مامۆستایەکی زانکۆ شرۆڤەی کرد: هۆکاری زیاتربوونی تاوانەکان و ئەرکی حکومەتی هەرێم؟

(0) / / چاوپێكەوتن / دکتۆر بەختیار کەمال تاڵەبانی


Jul 02, 2022

قەبارەی فۆنت:

مامۆستایەکی زانکۆی ڕایگەیاند کە لە هەر کۆمەڵگایەک کێشە و گرفتی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی درووست ببێت، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆکاری تێکچوونی هۆرمۆنات و تێکچوونی فیزیۆلۆژیی مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایە.

دکتۆر بەختیار کەمال تاڵەبانی، مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان، وتی: بەداخەوە کە لە ئێستادا گوشارەکانی سەر تاکی کورد ئێجگار زۆرن و هەر ئەمەش وای کردووە مرۆڤی ئاکار توند درووست ببێت کە زیان بە خۆیان و چواردەوریان بگەێنن.

ناوبراو وتی: لە جیهاندا دۆزینەوەی ڕێگاچارەکان بۆ کەمکردنەوەی تاوان زۆر ڕەهەندی جیاوازی هەیە، لەوانەش پێویستە حکومەت پێداچوونەوە بە خۆیدا بکاتەوە تا دادپەروەری لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا مسۆگەر بکات، بە واتایەکی دیکە ئەو نادادپەروەرییە کە هەیە نەیهێڵێت، هەروەها پێویستە هەموو ئەو سێکتەرانەی کە لە حکومەتەوە نزیکن ئیش لە سەر ئەم پرسە بکەن، بۆ نموونە ڕاگەیاندنەکان باشتر و چاکتر بکرێن، دەبێت وەزارەتەکانی ئەوقاف و تەندرووستی ڕۆڵیان هەبێت و سەرجەم سێکتەرەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، وەک ئەو ڕێکخراوانەی کە کار لە سەر خێزان و گەنجان و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری دەکەن، لە هەمووش گرنگتر ئەوەیە کە حکومەت بە یاساکانی خۆیدا بچێتەوە و دەبێت یاسا ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێت.

دکتۆر بەختیار کەمال تاڵەبانی لە کۆتاییدا وتی: ئەگەر ئەو ڕێگاچارانەی ئاماژەیان پێدرا جێبەجێ نەکرێت، تاوان لە کۆمەڵگادا زیاتر دەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئەگەر یاسا جێبەجێ نەکرێت و سزا و پاداشت نەبێت دەرفەتی ئەوە بۆ خەڵکانی دیکە دەڕەخسێت کە تاوان ئەنجام بدەن و بەمەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کۆمەڵگا بەرەو لەناوچوون دەڕوات./.