پارتی: بە یەک کاندید دەچینە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەوە
(0) /
پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ئاماژە بەوەی کە کورد بە یەک کاندیدەوە دەچێتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری عێراقەوە، پێشبینی ئەوەیکرد کە حکومەتی نوێی عێراق بە بەشداری هاوپەیمانی سیادە و چوارچێوەی هەماهەنگی پێک بهێندرێت.
شیروان دوبەردانی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە پارتی هێشتا پێداگرە لە سەر کاندیدبوونی ڕێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و لە بەرامبەردا یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش هەمان تێڕوانینی لە سەر کاندیدبوونی بەرهەم ساڵح هەیە بەڵام هەوڵ و پەیوەندی بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی دەستنیشانکردنی کاندیدی هاوبەشی هەر دوو لا دەستیپێکردووە.
ناوبراو وتی کە کاندیدەکەی پارتی زیاترین شانسی گەیشتنی بە سەرۆک کۆماریی عێراق هەیە و مەسعود بارزانیش جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە کورد بە یەک کاندیدەوە بچێتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەوە.
دوبەردانی وتی: بارزانی جەختی لە سەر سێ بنەما کردووەتەوە، هاوبەشی، ڕێکەوتن و هاوسەنگی، ئێمە لە سەر ئەم سێ بنەمایە دەچینە دانوستانەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتەوە و سەرجەم لایەنەکان بە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم و سیادەشەوە پابەندی ئەم بنەمایانەن./.
تێبينيێك بنێرە: