دۆخی لیبیا بەرەو کوێ؟ ئەمریکا بە نیازی چییە؟

(0) / / ئەفریقیا / لیبیا قەزافی


Jul 03, 2022

قەبارەی فۆنت:

شارەزایەکی کاروباری نێودەوڵەتی وتی کە لیبیا سەرچاوەیەکی زۆری نەوتی خاوی هەیە و ئێستا کە کاریگەرییەکانی قەیرانی ئۆکرانیا لە سەر بازاڕی وزە زیاتر بووە، وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵی گرتنەدەستی گۆڕەپانی سیاسیی ئەم وڵاتە دەدەن.

جەعفەر قەنادباشی، شرۆڤەکاری سیاسەتی نێودەوڵەتی، سەبارەت بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە لیبیا و ڕەهەندەکانی بەردەوامبوونی ناکۆکیی نێوان سیاسەتمەدارانی ئەم وڵاتە، وتی: ناڕەزایەتییەکان لە لیبیا و سووتاندنی بینای پەرلەمانی تۆبرۆق لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە بە چەشنێک پیشان دەدات کە خەڵک تۆمەتباری سەرەکیی ئەم دۆخە بە بەرپرسانی وڵاتەکەیان دەزانن. پاش ڕووخانی دەسەڵاتەکەی قەزافی و دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی لیبیا، بەردەوام دۆخێکی ناسەقامگیر لەم وڵاتەدا بینراوە و ئێستا ناکۆکییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە عەبدولحەمید دیبیە سەرۆک وەزیرانی ئێستای لیبیا و فەتحی پاشاغا کە خۆیی وەک سەرۆکی حکومەت ناساندووە، پێکەوە چوونەتە شەڕێکی گشتی سیاسی و ئەمەش پەرەی بە قەیرانی لیبیا داوە. مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو پەرلەمان حکومەتەکەی عەبدولحەمیدی هەڵوەشاندەوە بەڵام ئەو درێژەی بە چالاکییەکانی داوە.

ناوبراو وتی: ئەوەی کە گرنگە لە ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو کەسە باس بکرێت ئەوەیە کە دیبیە وەک سەرۆک وەزیرانی لیبیا لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە فەرمی ناسراوە و بەم هۆیەوە لە پێکهایەی سیاسی وڵایەکەی لە ئێستا لە لایەن جیهانەوە پاڵپشتی دەکرێت و تەنیا ڕێگای دەربازبوونی لەم دۆخەش بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان باس کردووە. لەم نێوەندەدا دەبێت گرنگی بەوەش بدەین کە دۆسیەی لیبیا دۆسیەیەکی فرەڕەهەندە و بەم هۆیەوە دەبینین کە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵ دەدەن لە زووترین کاتدا دۆخی ئەم وڵاتە بە پێی سیناریۆی خۆیان بەرەو پێش ببەن، بە واتایەکی دیکە، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی پێیان وایە کە دەبێت لە لیبیا حکومەتێک هەبێت بتوانێت لە گەڵ ئەوان هەماهەنگی و هاوکاریی هەبێت.

ئەم شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە وتی: یەکێک لەو هۆکارانەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵ دەدەن بە هەر شێوازێک لیبیا لە ژێر چەتری خۆیاندا بهێڵنەوە، هەبوونی سەرچاوەیەکی زۆری نەوتە بە لە ڕیزی گرنگترین جۆری نەوتەکانی جیهانە. بەم هۆیەوە ئێستا کە ئەمریکا و ئەورووپا کەوتوونەتە بەر کاریگەری قەیرانی ئۆکرانیا و کەمبوونەوەی وزە، چاویان بڕیوەتە نەوتی لیبیا و هەروەها نەوتی وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئەفریقی، لە بەر ئەوەی کە بە هۆی ئەم شەڕەوە پێویستی ئەوان بە وزە بە تایبەت نەوت زیاتر بووە. بە تایبەت ئەمریکا هەوڵ دەدات دۆخی سیاسی لیبیا بە شێوازێک بەرەو پێش ببات کە لە ئاکامدا پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەم وڵاتە جێبەجێ بکات، کۆی گشتی ڕووداوەکانی لیبیا پێمان دەڵێت کە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر لە ڕابردوو دەڕوات.

جەعفەر قەنادباشی وتی: بەداخەوە کە دۆخی ئابوری و بژێوی ژیانی خەڵکی لە لیبیا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی کوتلە و کوتلەکاریی سیاسی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کێشە سیاسییەکانی لیبیا بەراورد بە وڵاتانی دیکە زۆرە، خەڵک لە کاتی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی قەزافی تا ئێستا لە چاوەڕوانی ئەوەدان کە دۆخی ژیانی ئەوان باشتر ببێت کە ئەمە ڕووی نەداوە، بەڵکوو قەیرانەکە بەرەو قووڵتربوونیش دەڕوات، ئەم دۆخەش گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵک لە شار و ناوچە جیاجیاکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بەردەوامی ئەم دۆخەش ڕەنگە وا بکات کە پەنا بۆ چەک و کردەوەی چەکداری سەرتاسەری ببەن، بنەڕەتی ئەم کێشەیەش بۆ نەبوونی هەڵبژاردنێکی گشتی دەگەڕێتەوە، لە بەر ئەوەی کە وڵاتانی کاریگەر لەم دۆسیەیە بە جۆرێک پێکەوە ناکۆکیی جیدییان هەیە.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ناکۆکیی نێوان وڵاتانی کاریگەر لە دۆسیەی لیبیا تەنیا پەیوەندی بە دراوسێکانی ئەم وڵاتەوە نییە، بەڵکوو وڵاتانی ئەورووپی ڕۆڵیان لەم قەیرانەدا هەیە و پێکەوە لە سەر دۆسیەی لیبیا ناکۆکییان هەیە، هەروەها وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعوودیە ناکۆکییەکانیان بردووەتە خاکی لیبیا. سەرجەم کاراکتەرەکانی ئەم دۆسیەش هەوڵ دەدەن بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە بەرزترین ئاستدا مسۆگەر بکەن، تورکیاش یەک لەو وڵاتانەیە و هەر بۆیە هەلومەرجی ئێستا پیشان دەدات کە دژایەتی بەرژەوەندییەکان وایکردووە دۆخەکە بەم ئاستەی ئێستا بگات. هەروەها بوونی ناتۆ لە باکوری ئەفریقا پیشاندەری ئەوەیە کە دۆسیەی لیبیا بۆ ماوەیەکی زۆر لە کەشێکی تەمومژاویدا دەمێنێتەوە و ڕەنگە هەڵبژاردنەکان بتوانێت ئەم دۆخە بەرەو باشتربوون ببات./.