زانیاری و وردەکاری دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق

(0) / / فایلی تایبەت / محەممەد شیاع سودانی


Jul 26, 2022

قەبارەی فۆنت:

چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکان بە کۆی دەنگ محەممەد شیاع سودانیی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاری کرد، ئەندامێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند زانیارییەکی لە سەر ئەو کۆبوونەوە و بەڵێنەکانی شیاع سودانی ئاشکرا کردووە.

عامر فایز ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەی تایبەت بە بڕیاردان لە سەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، واتە سەید عەمار حەکیم، نوری مالیکی، هومام حەمودی، قەیس خزعەلی، حەیدەر عەبادی، ئەحمەد ئەسەدی، موحسین مەندەلاوی، عەبدولسادە فەریجی و خۆی عامر فەیاز بەڕێوەچووە و سەرەتا داوا لە محەممەد شیاع سودانی کرابوو کە ئامادەی ئەو کۆبوونەوە نەبێت.

عامر فایز وتی: لە چەند ڕۆژ پێش کۆبوونەوەکە کەشێکی ئەرێنی باڵی بە سەر دۆخی ناوخۆیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا کێشابوو، هادی عامری، نوری مالیکی، فالح فەیاز و حەیدەر عەبادی کاندیدبوونی خۆیان ڕەتکردەوە و سێ کاندیدی دیکە مانەوە، قاسم ئەعرەجیش پاشگەزبوونەوەی خۆی ڕاگەیاند و تەنیا محەممەد شیاع سودانی و تارق نەجم لە حزبی دەعوە مایەوە.

بە وتەی ناوبراو، دیاریکردنی شیاع سودانی بە کۆی دەنگی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووە بەو مەرجەی کە ناوبراو لە دەستنیشانکردنی ئەندامانی کابینەکەی دەستکراوە بێت بەڵام لە بڕیارە گرنگەکاندا بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بگەڕێتەوە و بەڕێوەبردنی کابینە بە بڕیاری گشتی و هاوبەش بێت.

ئەو ئەندامەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وتی کە بەڵێنەکانی سودانی بە نووسراو واژۆی لە سەر کردووە و ئەوە لە خۆ دەگرێت کە لە دەستنیشانکردنی ئەندامانی کابینەکەی بە مەرجی ڕەچاوکردنی بنەماکانی پاکدەستی و شیاوبوون و پسپۆڕی دەستکراوە بێت و ئەوەی کە بە پێی تێڕوانینەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیارەکان بدرێت و لە هەر شوێنێک کێشەیەک بینرا لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە ئاگادار بکرێتەوە.

فایز وتی کە سەرکەوتنی سودانی بە واتای سەرکەوتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە لە بەر ئەوەی کە حکومەتەکەی، حکومەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و پێویستە تێڕوانینەکانی سەدر و لایەنگرانیشی لە بەرچاو بگیرێت.

ڕاشیگەیاندووە کە لە دیاریکردنی سودانی ئەوە لە بەرچاو گیراوە کە ڕوبەڕوی ناڕەزایەتی ڕەوتی سەدر و لایەنەکانی دیکە نەبێتەوە و هەروەها ڕەچاوی هەلومەرجی ئێستای وڵاتیش بکرێت.

ناوبراو وتی کە پلانی سەرەکیی ئەم حکومەتە گرنگیدانە بە کەرتی ئابوری و دابینکردنی هەلی کار لە ڕێگای سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانەوە.

عامر فایز وتی کە محەممەد شیاع سودانی قبووڵکراوی کورد و سوننەشە و دیاریکردنی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران بە دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی بووە.

فایز ڕایگەیاند کە بۆ دیاریکردنی محەممەد شیاع سودانی ڕاوێژ بە ڕەوتی سەدرەوە کراوە و وەڵامی ئەوان ئەوە بووە کە بە ئەرێنی یان نەرێنی باسی ناکەین./.