لە نەوتەوە بۆ بیناسازی، چین شوێن پێی خۆی لە عێراق بەهێزتر دەکات

(0) / / فایلی تایبەت / چین عێراق


Aug 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

بە وتەی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، چین بە تەنیا لە سەدا 44 ی هەناردەی نەوتی عێراق هاوردە دەکات.

پێگەی فرانس 24 ڕاپۆرتێکی لە سەر چالاکییەکانی چین لە عێراق بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە لە وڵاتی عێراق کە دەوڵەمەند بە نەوت و لاوازە لە ڕووی ژێرخانەکانەوە، وڵاتی چین شوێن پێی خۆی بەهێزتر دەکات.

بەدەر لە چالاکی کۆمپانیاکانی چین لە بواری نەوت، ئەم وڵاتە لە عێراق سەرقاڵی درووستکردنی فڕۆکەخانە و قوتابخانەیە بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا حکومەتی عێراق بخاتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە.

بوونی چین لە عێراق بابەتێکی نوێ نییە بەڵام پەکین بەم دواییانە پەرەی بە پرۆژەکانی خۆی لەم وڵاتە داوە، وڵاتێک کە زیاتر لە چل ساڵە بە شەڕ و پێکدادانەوە سەرقاڵە.

جۆن کاڵابرز بەڕێوەبەری پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا لە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاندووە کە وڵاتی عێراق پێویستییەکی زۆری بە سەرمایەگوزاری دەرەکی بە تایبەت لە بواری ژێرخانەکانی وزەدا هەیە.

لێرەدا بوو کە چین دەرفەتەکەی دۆزییەوە و بۆ ئەوەی کە پێویستی وزەی خۆی دابین بکات و سەرچاوەکانی جۆربەجۆر ببێت، بووە یەکەم هاوردەکاری نەوتی عێراق.

تسۆی وی باڵیۆزی چین لە عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا وتی کە وڵاتەکەی لە بواری وزەی عێراق چالاکی دەکات.

ناوبراو وتی کە ئێمە هێشتا لە قۆناغی هاتن بۆ عێراقین و لە گەڵ لایەنی عێراقی و ئەو کۆمپانیا بیانییانەی کە لەم وڵاتەدا چالاکی دەکەین، هاوکاری دەکەین.

بە بۆچوونی جۆن کاڵابرز، لە پشتەوەی ئەم ئامانجە بازرگانییە ئاشکرایەی چین، هەوڵی ئەوە شاراوەتەوە کە دەیەوێت ڕواڵەتی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی و کاریگەری ئەمریکا و ڕۆژئاوا باشتر بکات.

لە ساڵی 2019 عێراق بووە یەکێک لە هاوبەشەکانی چین لە پرۆژەی ڕێگای ئاورێشم و هەر دوو وڵات لەم بوارەدا ڕێکەوتننامەیەکیان واژۆ کرد.

ئامانجی ئەم پرۆژەش، دابینکردنی پرۆژە ستراتیژییەکانە لە بواری دەریایی و وشکانی کە چین باشتر بە ئاسیا، ئەورووپا و ئەفریقا ببەستێتەوە بەڵام لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەک هەوڵێکی پەکین بۆ زیاترکردنی پێگەی خۆی دادەنرێت و بەم هۆیەوە دژایەتی دەکەن، لە بەر ئەوەی کە ئەم پرۆژانە قەرزێکی زۆر بە سەر وڵاتانی مەبەستی چیندا دەسەپێنێت و هەروەها وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هۆی دۆسیەکانی مافی مرۆڤ و دیمۆکراسییەوە ڕەخنە لە چین دەگرن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی بە شێوازی چالاک بەشداریی لە بونیادنانەوەی کەرتی ئابوریی عێراق هەیە و بەغداش هاوبەشێکی گرنگی چینە لە پرۆژەی ڕێگای ئاورێشم.

بە وتەی بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی چین، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەر دوو وڵات لە گەشەسەندندایە و لە ساڵی 2020 گەیشتە 30 ملیار دۆلار.

بە هۆی گرنگی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکان، زۆربەی پرۆژە جێبەجێکراوەکانی چین لەم بوارەدا بە پێی ڕێکەوتنی واژۆکراوی نێوان پەکین و بەغدا لە ساڵی 2019 لە چوارچێوەی ئاوەدانکردنەوە لە بەرامبەر نەوتە و لە گرنگترینی ئەو پرۆژانەش، درووستکردنی هەزار قوتابخانە و یەک فڕۆکەخانەیە لە ناسریە.

پرۆژەکانیش لە ڕێگای فرۆشتنی ڕۆژانە سەد هەزار بەرمیل نەوتی عێراق بۆ چین لە ڕووی داراییەوە دابین دەکرێن و داهاتەکەشی دەخرێتە سەر حسێبێک بە چاودێری بانکی ناوەندی عێراق لە چین.

داهاتەکەشی تەنیا لەو پرۆژانەدا بەکار دەهێندرێت کە لە لایەن کۆمپانیاکانی چینەوە لە عێراق جێبەجێ دەکرێن.

یەسار مالیکی شارەزا لە کاروباری ئابوری هۆشداریی لەوە داوە کە بەرپرسانی عێراقی ئەم ڕێکەوتنە زیاتر لەو پرۆژانەدا بەکار بێنن کە سوودی بۆ وڵاتەکەیان نەبێت و وەک زۆربەی وڵاتانی ئەفریقی ڕوبەڕوی قەرزێکی زۆر دەبێتەوە./.