نەوتەکەتان دابەش بکەن و ئیشتان بە ئێرانەوە نەبێت

(0) / / وتار / هەرێمی کوردستان کۆماری ئیسلامی ئێران


Sep 25, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەحمەد بەهاروەند

چەند ڕۆژێکە میدیا کوردییەکان بە تایبەت میدیا مووچەخۆرەکانی ئەمریکا و بێگانەکان هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنیان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە بیانووی مردنی مەهسا ئەمینییەوە دەستپێکردووە.

ئەوەی ڕاستی بێت مردنی کچە کوردی ئێرانی مەهسا (ژینا) ئەمینی هەمووانی خەمبار و تازیەبار کردووە، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی بە بنەماڵەی کۆچکردوو کرد و بەڵێنی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی لە سەر دۆسیەکەی دا. پارێزگاری کوردستان وەک نوێنەری باڵای حکومەت سەردانی بنەماڵەکەیی کرد و پرسە و هاوخەمی خۆیی ڕاگەیاند و دیسانەوە هەمان بەڵێنی دووپات کردەوە. سەرجەم کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەمان شێوە هاوخەمی خۆیان ڕاگەیاند.

بە بیانووی مردنی مەهسا ئەمینییەوە ئاژاوەگێڕەکان و بەکرێگیراوانی دەستی بێگانەکان و لایەنگرانی کەم ژمارەی گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری شۆڕش پیلانێکی پێشوەختەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییان جێبەجێ کرد. دیارە ئەو پیلانە پێشتر ئامادە کراوبووە و مردنی مەهسا تەنیا بووە بیانووی دەستپێکردنەکەی. ئەو ئاژاوەگێڕانەش لە شارە جیاجیاکانی ئێران دەستیان دایە کوشتنی خەڵک، بە چەک و چەقۆ و کەرەستەی دیکە، موڵک و ماڵی گشتییان سووتاند و دەیان تاوانی دیکە. خەڵکی ووشیاری ئێران هێڵی خۆیان لە ئاژاوەگێڕ و پیلانگێڕەکان جیا کردەوە و تێکەڵی ئەوان نەبوون. هێزە ئەمنییەکانیش زوو کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەیان کرد.

لە شارە کوردنشینەکان گرووپە تیرۆریستییەکانی هەرێم نشین کە زۆر دەمێکە خەونی گەڕانەوە دەبینن، کەوتنە هاندانی لایەنگرە کەمەکانی خۆیان، ئەوەندە بیرکردنەوەیان لاوازە وا دەزانن دەسەڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی کە زیاتر لە چوار دەیە لە بەرامبەر زلهێزترین وڵاتی جیهان (ئەمریکا) و هاوپەیمانانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی وەستاوە و حسێبیان بۆ ناکات و بەرگری لە مافی زوڵملێکراوان دەکات، بەم تەق و پۆقەی ئەوان لە ناو دەچێت و ئەوانیش دێنەوە و حکومەتی بە ناو خۆماڵی بە دەستەوە دەگرن. وەک ئاماژە درا ئەم خەونە هەر زوو لە گۆڕ نرا و بێگومان تۆڵەی ئەو ئاژاوەگێڕییەش وەک خواستێکی گەلی ئێران دەبێت لە گرووپە تیرۆریستییەکان بکرێتەوە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش دەبێت چەند خاڵێک ئاماژە پێ بدرێت:

یەکەم: کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەوپەڕی ڕێزەوە هەردەم باسیان لە مێژووی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ کوردستانی عێراق کردووە و بە ناوی برایانی کوردی عێراقی ئەوانیان ناو بردووە، لە ڕۆژانی تەنگانەشدا کە هیچ وڵاتێک تەنانەت ناوی کوردیشی نەدەهێنا، تەنیا ئێران بوو کە بووە پاڵپشت و یارمەتیدەری ئەوان. هەر بۆیە ناکرێت بەم شێوازە پاڵپشتی لە دژبەرانی شۆڕشی ئیسلامی لە ناوخۆی هەرێم بکرێت.

دووەم: ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەو پەنایەی کە بە دژبەرانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیان داوە، دەتوانن بە هۆی تورکیاوە باس لە پەکەکە بکەن؟ دەبینین کە لە ترسی تورکیا زیاترین دژایەتی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.

سێهەم: هەندێک میدیای مووچەخۆری ئەمریکا و بێگانەکانی دیکە بوونەتە هاندەری ئاژاوەگێڕییەکان. ئەوان باس لە کەموکوڕییەکانی حکومەتی هەرێم ناکەن، کەچی تەنیا ئیش و چالاکییان بووەتە ئاژاوەگێڕییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ئێران. پێویستە ئەوانیش دڵنیا بکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هێندە ڕووداوی گەورە و پیلانی گەورەی شکست پێهێناوە کە ئەمە لە بەرامبەر ئەواندا تۆزقاڵێکیش نییە، ئەم دەسەڵاتە بە هێزی زیاترەوە بەرەو پێش دەڕوات، با ئەوانیش خۆیان بێهۆ هیلاک نەکەن.

چوارەم: دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرجەم گوندە سنورییەکانیشدا باشترین خزمەتگوزاریی بە خەڵکی کورد گەیاندووە، کەچی خەڵک لە هەرێمی کوردستان هەر لە هاویندا لە خەمی دابینکردنی نەوتی سپین و حکومەتیش ناتوانێت یەک بەرمیلیان بۆ دابین بکات، با ئەو میدیانە سەردانێکی گوندەکانی ئێران بکەن و زستانی هەرێمی کوردستانیش بڵاو بکەنەوە، ئەو کات دەزانن خەڵکی کام لا ڕەزامەندیی زیاترە. خەڵکی ئێران لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یان خەڵکی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی هەرێم؟

لە ئیش و کاری میدیاییدا نابێت ویژدان هەرزانفرۆش بکرێت.

تێبینی: ئەو وێنەی کە بۆ ئەم وتارە بڵاوبووەتەوە، بیست ساڵ زیاترە لە گوندە کوردنشینەکانی ئێران نەبینراوە، لێرە باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش دەکرێت.

ئەم وتارە تەنیا گوزارشت لە بۆچوونی نووسەرەکەی دەکات./.