عەبادی هۆشداری لە گۆڕانکارییەکی گەورە دەدات

(0) / / ئاسیا / حەیدەر عەبادی


Oct 10, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەگەر تەنگەژەی سیاسیی ئەم وڵاتە بەردەوام بێت، مەترسی سەرهەڵدانی شۆڕشێکی جەماوەری لە ئارادایە.

حەیدەر عەبادی کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نەسر دەکات لە پەیامێکدا بە بۆنەی یەک ساڵەیی قەیرانی سیاسی عێراق ڕایگەیاند: یەک ساڵ بە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا تێپەڕ بووە و هێشتا بنبەستی سیاسی بە سەر وڵاتدا زاڵە و ئەمەش شیاوی ئەو کەسانە نییە کە سەرۆکایەتی گەل و ئیدارەی حکومەتیان گرتووەتە ئەستۆ.

ناوبراو وتی کە پێشتر لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتی و تایبەتەکاندا پلان و پرۆژەم بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە خستووەتەڕوو و ئەمڕۆ دیسانەوە ئەو داوایەم دووپات دەکەمەوە.

عەبادی سەبارەت بە هاوکێشەی حکومەتێکی لاواز کە بە پەراوێزکەوتنی هەندێک لایەن پێک بهێندرێت، هۆشداریی دا و وتی کە لێکەوتەکانی ڕووخانی وەها حکومەتێک زیاترە لە قەیرانی سیاسی ئێستای وڵات.

سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق وتی کە سیاسەتمەداران دەبێت هەست بەم مەترسییە بکەن کە داخرانی زیاتری پرۆسەی سیاسی ڕەنگە بگاتە شۆڕشی جەماوەری و بەنێودەوڵەتیکردنی قەیرانی عێراق و ئەمەش شتێک نییە کە گەل ڕەزامەندیی لە سەر بدات./.