دۆخی ئەمنی پارێزگای دیالە تێکچووە

(0) / / ئاسیا / پارێزگای دیالە


Oct 23, 2022

قەبارەی فۆنت:

زیاتر لە مانگێکە کە دۆخی ئەمنی پارێزگای دیالە تێکچوون و ئاڵۆزییەکی زۆر بە خۆوە دەبینێت و کردەوە تیرۆریستییەکان بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە خەڵکی ئەم پارێزگایە بە تایبەت گوندنشینەکان.

بەرپرسانی خۆجێی لە پارێزگای دیالە سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە چەند ناوچەیەکی ئەم پارێزگایە کە کردەوە توندووتیژییەکان تێیدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، هۆشدارییان داوە.

گوندی سەواعد سەر بە ناحیەی عەبارە بووە ئامانجی چەند ڕۆکێتێک و بەو هۆیەوە کەسێک بریندار بوو و زیان بە چەند خانوویەکی گوندنشینەکانیش گەیشت.

یەک ڕۆژ پێش ئەو هێرشەش لە گوندی حەد ئەلئەخزەر هێرش کرایە سەر ئەفسەرێکی پۆلیس و بەو هۆیەوە پۆلیسێک کوژرا و دوو پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.

 گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێکخراوی حەشدی شەعبی بەم دواییانە پلانە سەربازییەکانی خۆیان لە گوندەکانی دیالە بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری زیاتر کردووە.

ئەفسەرێک لە فەرماندەیی پۆلیسی دیالە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکە خۆیان حەشار داوە. ئەو پۆلیسە ڕەتیکردەوە کە تیرۆریستانی داعش لە نزیک گوندەکان و لە نێو باخەکاندا بن.

ڕاشیگەیاندووە کە بەدەر لە تیرۆریستانی داعش، کەسانێکی نەناسراوی چەکدار لە ناوچەکە خەڵک دەڕفێنن، باج وەردەگرن و خانووەکانی خەڵک دەتەقێننەوە و ئەمەش وایکردووە کە پێویست بە پلانێکی بەپەلەی ئەمنی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دیاردەیە بکات.

ڕەعد دەهلەکی نوێنەری پارێزگای دیالە لە پەرلەمانی عێراق داوای لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری ئەم وڵاتە کردووە کە پێداچوونەوە بە پلانە ئەمنییەکانی ئەم پارێزگایەدا بکەن و ڕێگری لەوەش بکەن کە کێشە ئەمنییەکان زیان بە خەڵکی ناوچەکە بە تایبەت گوندنشینەکان بگەێنێت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە سەرقاڵی کۆچکردنن و هۆکارەکەشی تەنیا تێکچوونی دۆخی ئەمنییە.

دەهلەکی جەختیکردووەتەوە کە دەبێت گرنگییەکی زیاتر بە دۆسیەی ئەمنی دیالە بدرێت تا دەسکەوتەکانی ڕابردوو لە ناو نەبرێت.

کێشە ئەمنییەکان لە گوندەکانی پارێزگای دیالە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە./.