ئایا ململانێی نێچیرڤان و مەسرور بارزانی، پارتی بەرەو لەتبوون دەبات؟

(0) / / ڕاپۆرت / مەسعود بارزانی مەسرور بارزانی نێچیرڤان بارزانی


Nov 10, 2022

قەبارەی فۆنت:

کۆنگرەی 14 ی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی وەک سەرۆک و بە ئاشکرابوونی زیاتری ململانێ و کێشە ناوخۆییەکان کۆتایی هات.

کۆنگرەی ئەمجارەی پارتی لە پاش 12 مانگ و لە بەرواری 3 ی تشرینی دووەمی 2022 لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو. لەم کۆنگرەیەدا نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی وەک جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی پارتی هەڵبژێردران، ئەمەش بە پێچەوانەی پەیرەوی ناوخۆی پارتی بووە. لە پەیرەوی ناوخۆی پارتیدا هاتبوو کە سەرۆک تەنیا یەک جێگری دەبێت و پێشێلکردنی ئەمەش ململانێ و کێشە ناوخۆییەکانی ئەم حیزبەی زیاتر لە جاران ئاشکرا کردووە.

هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان

لە کۆنگرەی 14 ی پارتی دیمۆکراتی کوردستان 1032 ئەندام بەشدارییان کرد و لە 123 کاندید، 41 ئەندامیان بۆ کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران کە شوێنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێشووی گرتووەتەوە.

پێش بەڕێوەچوونی کۆنگرە، باس لە ناکۆکی توندی بنەماڵەی بارزانی دەکرا، ئەو ناکۆکییەی کە لە ئاکامدا گەیشتە ئەوەی تەنیا 7 کەسی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی بگەنە کۆمیتەی ناوەندی.

لە لایەکی دیکەوە، 22 ئەندامی نوێی کۆمیتەی ناوەندی لە کەسانی نزیک لە مەسرور بارزانین، دیارترینی ئەوانەش ڕێبەری ئەحمەدە وەک کەسێکی ئەمنیی بەهێز و لە کابینەکەشیدا وەزارەتی ناوخۆی لە ئەستۆیە.

ململانێکان ئاشکرا و توند بوون

بە کۆتایی هاتنی کۆنگرە و هەڵبژاردنی دوو جێگر، میدیاکانی سەر بە نێچیرڤان بارزانی ناوبراویان وەک جێگری یەکەم و مەسرور بارزانییان وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی ناو برد، لە کاتێکدا کە میدیاکانی سەر بە مەسرور بارزانی تەنیا باسی دوو جێگریان بۆ سەرۆکی پارتی دەکرد.

ئەم پێشێلکردنەی پەیرەوی ناوخۆی پارتی، تەنیا هەوڵێکی مەسعود بارزانی بۆ کپکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە نێوان دوو باڵی نێچیرڤان و مەسرور بارزانی بووە، ئەو ململانێیەی کە لە پاش پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم وایکردبوو کە زۆربەی لایەنگران و کەسانی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی لە پۆستە باڵاکانی حکومەت دوور خرانەوە.

ململانێکان و نیگەرانیی مەسعود بارزانی لە داهاتووی حیزبەکەی وایکرد کە ناوبراو لە هەر دوو وتاری دەستپێک و کۆتایی کۆنگرە باس لە پێکەوەبوون و هاوکاریی نێوان نێچیرڤان و مەسرور بارزانی بکات و بۆ ئەمەش نموونەی خۆی و ئیدریس بارزانیی هێنایەوە.

ئەم وەسیەتەی مەسعود بارزانی دانپێدادانە بەو ململانێ و کێشە ناوخۆییانەی پارتی. هەڵبژاردنی مەسرور بارزانیش هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا ڕێگری لە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لە پارتیدا بکەن.

خاڵی لاواز و بەهێزی باڵەکان

ململانێ و کێبڕکێی نێوان نێچیرڤان و مەسرور بارزانی لە چەند ساڵی ڕابردوو لە دوو ئاستی حیزب و حکومەت دەستیپێکردووە و هەر یەک هەوڵ دەدەن شوێن پێی خۆیان بەهێز بکەن.

خاڵە بەهێزەکەی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی ناوبراوە لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها پەیوەندییەکانی لە ئاستی ناوچەکە لە گەڵ هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا.

لە بەرامبەردا، مەسرور بارزانیش پێگەیەکی بەهێزی لە ناوخۆی حیزب بە تایبەت لە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکاندا هەیە و بە کردەوە خۆیی بەهێزتر لە نێچیرڤان بارزانی پیشان داوە.

لە لایەکی دیکەوە، پەیوەندی نێچیرڤان بارزانی بە دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانەوە وایکردووە کە ناوبراو پێگەیەکی بەهێزی لەم بوارەدا هەبێت، مەسرور بارزانیش لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا هەوڵی داوە نێچیرڤان بارزانی لە گرێبەستە نەوتییەکان دوور بخاتەوە.

پێشێلکاری لە پەیرەوی ناوخۆ

لە کۆنگرەی 14 ی پارتی دیمۆکراتی کوردستان چەندین پێشێلکاری لە پەیرەوی ناوخۆی حیزبدا بینرا. وەک 12 ساڵ دواخستنی کۆنگرە، دەستنیشانکردنی 10 کەس لە لایەن مەسعود بارزانییەوە بۆ کۆمیتەی ناوەندی بە بێ هەڵبژاردنەکان و هەڵبژاردنی دوو جێگر بۆ سەرۆکی پارتی.

پارتی دیمۆکراتی کوردستان 16 ی ئابی 1946 دامەزراوە و مەسعود بارزانی 43 ساڵە سەرۆکایەتیی دەکات./.