بودجەی عێراق و کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکرانیا

(0) / / فایلی تایبەت / ئۆکرانیا ڕووسیا عێراق


Dec 22, 2022

قەبارەی فۆنت:

دواکەوتنی ناردنی ڕەشنووسی بودجەی عێراق لە لایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمانی ئەم وڵاتە بۆ ناسەقامگیری بازاڕی جیهانی نەوت و گۆڕانکاری بەردەوام لە نرخەکاندا دەگەڕێتەوە.

قەیرانی ئێستای نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا کاریگەریی لە سەر زۆربەی وڵاتان بە تایبەت لە بواری وزەدا داناوە، لە بەر ئەوەی کە یەکێتی ئەورووپا بە هاوکاری ئەمریکا نرخێکی بۆ نەوتی ڕووسیا دیاری کردووە تا سزای زیاتر بە سەر ئەم وڵاتەدا جێبەجێ بکات، ئەویش لە کاتێکدا کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێکی بەرەو مانەوەی نرخەکان لەم ئاستەدا هاندا تا لەوە دڵنیا بێت کە ئەوان لە ژێر کاریگەریی بڕیاری ئەورووپییەکاندا نابن. سەرەڕای ئەمەش، کاریگەرییەکە هێندە ئاشکرا بوو کە نرخی نەوت بەراورد بە سەقامگیریی چەند مانگی ڕابردوو، دابەزی و ئەمەش وایکرد کە بە وتەی شارەزایانی کاروباری ئابوریی عێراق، حکومەتی ئەم وڵاتە پێداچوونەوە بە نرخی نەوت لە بودجەی ساڵی 2023 ی عێراقدا بکات.

محەممەد زیادی ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی کە دواکەوتنی ناردنی بودجە لە لایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان بە هۆی ناسەقامگیری بازاڕی جیهانی نەوتە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەردەوامی ئەم دۆخە و نەناردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2023 بۆ پەرلەمان، ڕەنگە حکومەتی بەغدا بخاتە بەردەم چەند بژاردەیەکی قورسەوە کە نەتوانێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش بکات.

هەروەها محەممەد شەبەکی ئەندامی پێشووی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی: دیاریکردنی نرخی نەوت لە بودجەی عێراق دەبێت لە سەر چەندین بنەمای وەک دۆخی بازاڕی جیهانی و بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس بێت و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە نرخی نەوت لە 60 تا 65 دۆلار بەرزتر نەبێت تا کاریگەریی لە سەر بودجەی گشتی نەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر سەفوان قوسەی شارەزای ئابوریی عێراق ڕایگەیاند کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەگاتە دابەزینی نرخی نەوت و ئەم دووەش پەیوەندییەکی پێچەوانەیان پێکەوە هەیە و جێبەجێکردنی سزاکان لە دژی کەرتی نەوتی ڕووسیا ڕوبەڕوی هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ پووچەڵکردنەوەی بڕیارەکەی ئەورووپا بۆ دیاریکردنی نرخی نەوتی ئەم وڵاتە دەبێتەوە.

ناوبراو وتی کە ئەگەر ڕووسیا لە هەوڵەکانی بۆ ڕێگری لە دیاریکردنی نرخی نەوتەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا سەرکەوتوو بێت، نرخی نەوت لە ڕۆژانی داهاتوو بەرز دەبێتەوە.

وتیشی کە ئەگەری ئەوە هەیە نرخی نەوت لە 72 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دانەبەزێت./.