بە هەزاران دۆسیەی حکومەتەکەی کازمی ڕەوانەی دەزگای دادی عێراق کراوە

(0) / / ئاسیا / مستەفا کازمی محەممەد شیاع سودانی


Dec 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە سێ هەزار دۆسیەی حکومەتی پێشوو ڕەوانەی دەزگای داد کراوە، دۆسیەکانیش سکاڵا لە سەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بووە.

لە ڕاگەێندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە کە ژمارەیەکی زۆر ڕاپۆرتی ناوخۆیی و دەرەکی لە سەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی پێشوو وەرگیراوە و حکومەتی ئێستا بەدواداچوونیان بۆ دەکات.

لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە لە پاش دەستبەکاربوونی محەممەد شیاع سودانی، ڕاوێژکارێک بۆ کاروباری مافی مرۆڤ دەستنیشان کراوە و لە گەڵ ئەوەش میکانیزمی وەرگرتنی سکاڵا پەیوەندیدارەکان دیاری کراوە و تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار سکاڵا لەو بوارەدا تۆمار کراوە کە باس لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن حکومەتی پێشووە دەکات.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە مانگی ڕابردوودا دۆسیەکان ڕادەستی داواکاری گشتی کراوە تا دادگای لێپرسینەوەی مافی مرۆڤ ئەو سکاڵایانە تاوتوێ بکات./.