ئەمریکا بە ڕەزامەندی عێراق سزا بە سەر 16 بانکدا دەسەپێنێت

(0) / / ئاسیا / ئەمریکا عێراق


Dec 28, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەمریکا بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق و زۆربەی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ، سزا بە سەر ژمارەیەک لە بانکەکانی ئەم وڵاتەدا دەسەپێنێت.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایانگەیاندووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەمریکا سزای قورس بە سەر 16 بانکی کەرتی تایبەت و سەر بە لایەنە سیاسییەکان بە هۆی قەیرانی ئێستای بازاڕی دۆلارەوە دەسەپێنێت.

ئەو سەرچاوانە ڕایگەیاندووە کە حکومەتی عێراق و زۆربەی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئەهانگی شێعەکان ڕەزامەندییان لە سەر ئەو سزایانە دەربڕیوە کە ڕەنگە لە کۆتایی مانگی داهاتووەوە جێبەجێ بکرێت.

دەوترێت کە ئەو بانکانە لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاریان بە شێوازی قاچاخ ڕەوانەی 4 وڵاتی دراوسێی عێراق کردووە.

بە وتەی سەرچاوەکان، ئەو بانکانە تۆمەتبارن بەوەی کە دۆلاریان بۆ وڵاتانی ئێران، تورکیا، ئەردەن و سوریا قاچاخ کردووە.

سەرچاوەکان بە ئاماژە بەوەی کە حکومەتی بەغدا و زۆربەی لایەنەکان ڕەزامەندییان لە سەر ئەو سزایانە دەربڕیوە، ڕایانگەیاندووە کە سزاکانی ئەمریکا لە دژی حسێبی چەند کەسایەتییەکی پەیوەندیدار، لە پاش کۆتایی یارییەکانی تۆپی پێی کەنداو لە کۆتایی مانگی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت./.