گۆڕان داوایەک لە ئەندامان و لایەنگرانی خۆی دەکات

(0) / / كوردستان / کوردستان عیراق


Feb 09, 2023

قەبارەی فۆنت:
بزوتنەوەی گۆڕان بانگەوازێك ئاڕاسته‌ی هاونیشتیمانیان و هەمو کارەکتەر و هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی حزبه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت، داوا ده‌كات پێکەوە بە "خۆداچونەوەیەکی زانستی و بابەتیانە بکەن"، بە هەمان گیانی ڕابردو دەستپێبکەینەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بە دۆخێکی ناجێگیر و پڕکێشەدا تێدەپەڕێ، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان توشی بێ متمانەیی بون، تەنانەت حزب و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر و لەناو خودی خۆشیاندا، دامودەزگا فەرمییە‌کان، پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی پارێزگاکان، دادگاکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی و... هتد، نەیانتوانیوە لەو بێ متمانەییە بەدەربن، بۆیە نەشیانتوانیوە هاوڵاتیان لە دۆخی بێ متمانەیی ڕزگار بکەن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ‎ئه‌و بێمتمانه‌ییه‌ بوەتە هۆکاری ئەوەی، بەرژەوەندی گشتی نیشتمانی و نەتەوەیی و، ژیان و بژێوی هاوڵاتیان و مافە کۆمەڵایەتییەکان لە پاشەکشەدابێ و بەرژەوەندی حزبی و کەسیی زاڵ بێت، زۆرجاریش بەرژەوەندی تاکەکەسی جێی بە هەمو ئەوانە لێژکردوە، هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 2021 ئەو راستیییەی دەرخست، چونکە سەرەڕای زۆری لیست و کاندیدی جیاجیا، شێوازی هەڵبژاردنەکە، گۆڕانکاری لە یاساکەدا، بە هەوڵی شیاو و نەشیاوی لیست و کاندیدەکانەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان باسی له‌وه‌شكردوه‌، "بە پێی ئامار و پێوەرە زانراوەکان 70%ی دەنگدەران بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان نەکرد، زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانی پارێزگاری لە ژمارەی دەنگدەرانی پێشوی خۆیان بکەن، ڕاستە هەندێکیان کورسییەکانیان بەهۆی دابەزینی نرخی کورسی زیادی کرد، بەڵام زۆربەیان لە چاو هەڵبژاردنی پێشوتردا، دەنگەکانیان کەمیکرد".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، "‎لەناو ئەم لایەنانەدا، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان نەمانتوانی هیچ کورسییەک بەدەست بهێنین! بێگومان هۆکارەکانی ئەم شکستە زۆرن، هۆکاری ناوخۆیی و تاکتیکی بزوتنەوەی گۆڕان هۆکاری سەرەکی بو، ئینجا هۆکاری بابەتی، لەو چوارچێوەیەدا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخەی تێی کەوتوین؛ چەند هەنگاوێکمان گرتەبەر و ئۆباڵی شکستەکەشمان گرتەئەستۆ، کە هەر ئەبێ واش بێ، بەشێوەیەک بە قۆناغێکی سەختی ڕێکخراوەیی تێپەڕین و ئومێدمان بۆ سەرکەوتن لە دەستنەدا".
بزوتنەوەی گۆڕان ده‌ڵێت، "بە پێویستی دەزانین، ئەم بانگەوازە ڕابگەیەنین و داوا لە هاونیشتیمانیان و هەمو کارەکتەر و هەڵسوڕاوان و دەنگدەران بکەین، کە پێکەوە بە خۆداچونەوەیەکی زانستی و بابەتیانە بکەین، بە هەمان گیانی ڕابردو دەست پێ بکەینەوە، هەر هەنگاو و بڕیارێکیش بۆ ئەو مەبەستە پێویست بکا، با بەیەکەوە بەرپرسیارێتی و دەرهاویشتەکانی داهاتوی بزوتنەوەکە بگرینە ئەستۆ، وا بکەین متمانەی دەنگدەرەکانمان و هاوڵاتیانی کوردستان بەدەست بهێنینەوە، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتیەکی گەورەی مێژوییە، بەم کارەش، ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی بۆ گەلەکەمان دور لە بەرژەوەندی کەسیی- ئەنجام ئەدەین"./.