سەدر داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا دەکات

(0) / / ئاسیا / سەید موقتەدا سەدر سوریا


Feb 17, 2023

قەبارەی فۆنت:
سەرۆکی ڕەوتی سەدر بە ئاماژە بە ئێش و ئازارەکانی گەلی سوریا لە بومەلەرزە بەهێزەکەی ئەم دواییە، داوای لە سەرجەم وڵاتانی جیهان کردووە کە سزا و گەمارۆکانی سەر سوریا بە تەواوی هەڵبگرن.
سەید موقتەدا سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: هەر سزایەکی ئابوری لە دژی حکومەتەکان بە هیچ شێوازێک ئەنجامی دیاریکراوی وڵاتانی خۆسەپێن دەستەبەر ناکات، تەنیا ئێش و ئازار و برسیبوونی خەڵک زیاتر دەکات، ئەگەر ئامانجی ئەو وڵاتانەش برسیکردنی خەڵکە، دەبێت بڵێین کە ئامانجەکەیان مسۆگەر بووە.
سەدر ڕایگەیاند: گەلی سوریا تووشی دەیان نەهامەتیی وەک ڕووخان و کاولکاری، نەخۆشییەکان، برسێتی، هەژاری، تیرۆریزم، نادادپەروەری، نەبوونی سووتەمەنی، نەبوونی توانای دارایی و دابەزینی ورە و کێشەکانی دیکە بوون.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە درێژەدا پرسیاری کردووە کە ئەمە چ زوڵمێکە لە دژی گەلی سوریا؟ ئایا بە هۆی جۆلان و ئیسرائیلە یان بۆ ملکەچبوونی ئەوانە لە بەرامبەر ڕۆژئاوای چەوسێنەر؟
سەید موقتەدا سەدر بەرامبەر بە وڵاتانی جیهان ڕایگەیاند: خەڵکی سوریا لە هەموو ڕوویەکەوە ڕوبەڕوی مردن بوونەتەوە، دەبێت هاوپەیمانییەک بۆ ڕزگارکردنی ئەوان و هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکانی سەر ئەوان و گەڕاندنەوەی مافەکانیان هەبێت، لە بەر ئەوەی کە گەلی سوریا مافی ژیانیان هەیە، ئەوان خەڵکانێکن کە بە شێعە و سوننەوە دژی زوڵم و داگیرکاری و تیرۆریزم وەستاونەتەوە، هەر بۆیە نابێت تەنیا بمێننەوە تا بمرن.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە خەڵکی سوریا لە سەرەتاییترین مافی ژیان بێبەش کراون، ئەنجامی گەمارۆکان شتێک بەدەر لە مردن و تیرۆریزم و لێکترازان، کۆچی زۆرەملە و ئاوارەیی، گەندەڵی، تاڵانکردنی سەرچاوەکان و نەخۆشی نییە. کام دیمۆکراسی و ئازادییە کە ڕۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکات تا لەم زوڵم و قەیرانە بە دەستی بێنێت؟
سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە کۆتاییدا بەرامبەر بە گەلی سوریاش ڕایگەیاندووە کە پشوودرێژ بن و کێشەکان وەک هەورێکی ئاسمانە کە بە پشوودرێژی و یەکڕیزی گەل لە ناودەچێت و دڵی عێراقییەکان لە گەڵ ئەوانە./.