حکومەتی هەرێم وەڵامی ڕۆژنامە عێراقییەکەی دایەوە

(0) / / كوردستان / عێراق كوردستان


Feb 18, 2023

قەبارەی فۆنت:
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی ڕۆژنامەی (الصباح)دا دەڵێت "هەرێمی كوردستان خاوەنی قەوارەیەكی یاسایی و دەستوورییە، هیچ دەسەڵاتێك توانای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانی نییە".
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئەمڕۆ ١٨ی شوباتی ٢٠٢٣، ڕۆژنامەی (الصباح)ی عێراقی، نووسینكی بڵاو كردووەتەوە كە گوایا لە ڕاپرسییەكدا خەڵك بێ هیوا بوون لە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا".
فەرمانگەكە دەشڵێت "ئەم سەنتەر و بەناو ڕاپرسییەی ڕۆژنامەكە پشتی پێ بەستووە، هیچ بنەمایەكی زانستی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، ئەگەر بەڕاستیش ڕۆژنامەی (الصباح ) و ئەوانەی لە پشتییەوەن".
ڕۆژنامەی (الصباح)ی زمانحاڵی حكومەتی عێراق، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتووە "بەهۆی خراپی دۆخی هاوڵاتیانی هەرێم و لاوازیی ئەگەری چارەسەركردنی كێشمەكێشی بەردەوامیی هەردوو پارتە سەرەكییەك، لە ڕاپرسییەكدا كە سەنتەری ئەكادیمیی ڕاپرسی و شیكاری ئەنجامی داوە، دەركەوتووە خواستێكی جەماوەری هەیە بۆ قبووڵكردنی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی ناوەند".
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم لە وەڵامی ڕۆژنامەكەدا دەڵێت "خەڵكی پارێزگاكانی عێراق، خۆیان شاهێدی دەدەن كە هەرێمی كوردستان لە ڕووی پێشكەوتن و ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەوە، بە چەندین ساڵ لە پێش ناوچەكانی دیكەی عێراقەوەیە، ئیتر چۆن خۆزگە بەوە دەخوازن و داوا دەكەن بگەڕێنەوە سەر شوێنێك كە لە هەموو بوارەكاندا وێران و كاول بووە".
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم هەروەها ڕایگەیاندووە کە " هەرێمی كوردستان خاوەنی قەوارەیەكی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەكانە و هیچ دەسەڵاتێك توانای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانی نییە، بە نووسینی ڕۆژنامەیەكی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە كە پارەیەكی زۆری لێ خەرج دەكرێ و كەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە"./.