لاهور شێخ جەنگی بە فەرمی خۆیی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی ناساندەوە

(0) / / كوردستان / لاهور شێخ جەنگی کوردستان


Feb 23, 2023

قەبارەی فۆنت:
لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاندووە کە لەمەودوا دەسەڵاتە یاسایی و پەیڕەوییەکانی خۆی وەک هاوسەرۆک بەکار دێنێت. لاهور شێخ جەنگی لە نامەکەیدا کە بەرواری 21 ی شوبات ی 2023 ی لە سەرە، ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا کە کێشەی حزبەکەمان بووەتە کێشەی هەموو کۆمەڵانی خەڵک و بەردەوامییەکەی بەم جۆرە نە خزمەت بە حزبەکەمان و نە خەڵک و نە هەرێمەکەشمان دەکات بێدەنگبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ناحەقییەکی گەورەیە بەرامبەر بە خەبات و خوێنی شەهیدان. ناوبراو لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی بەرامبەرم کراوە دڵنیا بن بەشێک دەبم لە چارەسەر بۆ کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەر لەو سۆنگەیەوە پاش دەرچوونی بڕیاری دادگا و گەڕانەوەی سەرجەم مافە یاسایی و حزبییەکەم کە بە شەرعییەتی کۆنگرە و بە دەنگی ئێوە بە دەستم هێناوە، ئاگادارتان دەکەمەوە کە لە ئەمڕۆ بە دواوە دەسەڵاتە یاسایی و پەیڕەوییەکانی خۆم وەک هاوسەرۆکی یەکێتی لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆدا بەکار دەهێنم، ئێوەش بەرپرسیار دەکەم لە بەردەم ئەم ئەرکە مێژووییە بۆ پاراستنی یەکێتی و حزبی شەهیدان، هەر بڕیار و بەرنامەیەک بە مافی خۆم دەزانم ئەگەر سەرکردایەتی یەکێتی نەیتوانی لە ئاست چارەسەری کێشەکان بڕیاری پێویست بدات./.