ئایا ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت؟

(0) / / كوردستان / کوردستان


Feb 25, 2023

قەبارەی فۆنت:
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕیار بوو تشرینی یەکەمی 2022 بەڕێوە بچێت. ڕێکەوتنێکی پارتی و یەکێتی بووە هۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵام تا ئێستا وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دیاری نەکراوەتەوە و خاڵە ناکۆکەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت لە نێوان دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەش چارەسەر نەکراوە.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئاستەنگە گرنگەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە کۆمیسیۆن لانیکەم شەش مانگ کاتی بۆ ئەو مەبەستە پێویست دەبێت.
شیروان زرار چەندین خاڵی وەک ئاستەنگەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە کە بریتین لە:
یەکەم: ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ بەڕێوە بچێت.
دووەم: ڕێکەوتنی پەرلەمانی بکرێت لە سەر کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و بابەتی یاسای هەڵبژاردنەکان کە لە ناو یاساکەش هەندێک بڕگە و مادە هەیە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە وەک (بابەتی تۆماری دەنگدەران، کورسی ئافرەتان، کورسی پێکهاتەکان، دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی).
سێهەم: مەرسومێکی هەرێمی لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەربکرێت کە ڕۆژی هەڵبژاردنی لە سەر دیاری بکرێت.
چوارەم: دابینکردنی بودجە لە لایەن حکومەتەوە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکە.
پێنجەم: ماوەی شەش مانگمان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین ئامادەکاری بۆ پرۆسەکە بکەین.
شەشەم: هەبوونی کەشێکی لەبار بۆ هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەشداری تێدا بکەین کە بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان ئەو کەشە لەبارە نابینرێت و بارودۆخی هاووڵاتیان لەو ئاستە باشەدا نییە، بۆیە ئەگەر بیانەوێت هەڵبژاردن بکرێت پێویستە لەم چەند مانگەدا بارودۆخ و گوزەرانی خەڵک باشتر بکرێت./.