عێراقییەکان چۆن لە دیمۆکراسی و چاکسازی دەڕوانن؟

(0) / / فایلی تایبەت / عێراق


Mar 14, 2023

قەبارەی فۆنت:
دوو دەیە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی سەدام، ئەنجامی ڕاپرسییەک پیشان دەدات کە بڕوا و متمانەی خەڵک بە سیستەمی سیاسی ئەم وڵاتە بەرەو دابەزین دەڕوات.
ئەنجامی ڕاپرسییەکی سەنتەری " بارۆمتر عەرەبی " پیشان دەدات کە زۆرینەی خەڵکی عێراق لەو بڕوایەدان کە ئەم وڵاتە پێویستی بە گۆڕانکارییە و سیستەمی دیمۆکراسیش بە باشترین بژاردە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات دەزانن.
لە سەدا 68 ی عێراقییەکان پێیان وایە کە سیستەمی دیمۆکراسی بە هەموو کێشە و گرفتەکانیشەوە باشترین سیستەمی حکومڕانییە، ئەڵبەت لە ساڵی 2011 ئەوانەی کە بۆچوونی وەهایان هەبوو، لە سەدا 83 ی خەڵکی عێراق بوو کە لە سەدا 15 یان دابەزیوە.
هەروەها دوو لە سەر سێی ئەوانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە لەو بڕوایەدان کە دیمۆکراسی ئەو هێزەی نییە و کێشەی زۆرە و لە وەها سیستەمێکدا کارنامەی دیمۆکراسی لاواز دەبێت. لە ساڵی 2013 تەنیا یەک لە سەر چواری عێراقییەن بیرکردنەوەی وەهایان هەبوو.
هەروەها لە ساڵی 2011 تەنیا لە سەدا 23 ی عێراقییەکان لەو بڕوایەدا بوون کە دیمۆکراسی هێندە یارمەتیدەری پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا نابێت بەڵام لە ساڵی 2022 ئەو ڕێژەیە گەیشتە لە سەدا 70 ی خەڵک.
کارنامەی ئابوری حکومەت
یەک لە سەر چواری عێراقییەکان دەڵێن کە دۆخی ئابوری وڵات باشە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2013 نیوەی ئەوان وەها بۆچوونێکیان هەبوو.
ڕێژەی متمانەی خەڵکیش بە حکومەت لە ساڵی 2013 لە سەدا 47 بووە کە ئێستا بۆ لە سەدا 25 دابەزیوە.
هەروەها ڕێژەی متمانەی خەڵک بە پەرلەمانیش وەک ساڵی 2011 کەمتر لە سەدا 30 ڕاگەێندراوە.
متمانە بە دەزگای دادوەری لە سەدا 40 و پارێزگاکان لە سەدا 33 بووە کە بەراورد بە حکومەت و پەرلەمان باشترە.
متمانە بە هەڵبژاردنەکان
سەرەڕای ئەوەی کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان تا ئێستا لە عێراق بەڕێوەچوو، لە سەدا 42 ی عێراقییەکان دەڵێن کە هەڵبژاردنەکانی 2021 ئازاد و شەفاف نەبووە و لە سەدا 27 ی ئەوان ڕایانگەیاندووە کە تا ڕادەیەک ئازاد بووە بەڵام هەندێک کێشەی هەبووە و لە سەدا 30 ی خەڵکی عێراقیش ڕایانگەیاندووە کە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2021 ی پەرلەمانی ئەم وڵاتە بە تەواوی ئازاد و شەفاف بووە.
لە هەر 10 عێراقی، 9 کەس لەو بڕوایەدان کە گەندەڵی بە ڕێژەیەکی زۆر دزەی کردووەتە ناو حکومەت و دامودەزگاکانی و ئەمەش لە ساڵی 2011 بەم شێوازە ماوەتەوە.
لە هەر 3 هاووڵاتی عێراقی، کەمتر لە کەسێک ڕەزامەندیی لە سەر خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە وڵاتدا هەیە. وێڕای ئەوەش لە سەدا 22 ی خەڵک متمانەیان بە هەنگاوەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی چینایەتی و لە سەدا 19 ی ئەوانیش متمانەیان بە حکومەت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان هەیە.
خەڵک چییان لە پرۆسەی سیاسی دەوێت؟
ئەو ڕاپرسییە پیشان دەدات کە زۆرینەی بەرچاوی خەڵکی عێراق بە مەرجی باشتربوونی دۆخی ئێستا، پێشوازی لە گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی دەکەن.
سێ لە سەر چاری عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە کە بۆیان گرنگە حکومەت بتوانێت سەقامگیری دابین بکات و دیمۆکراسی و نادیمۆکراسیبوونی بۆ ئەوان گرنگ نییە.
لە هەر 10 عێراقی، 8 کەس پێیان وایە کە ئەگەر حکومەت بتوانێت کێشە ئابورییەکان چارەسەر بکات دیمۆکراسی و نادیمۆکراسیبوونی گرنگ نییە.
لە سەدا 45 ی عێراقییەکان پێیان وایە کە دەبێت چاکسازی گەورە و بەپەلەی سیاسی بکرێت و لە سەدا 45 یش لەو بڕوایەدان کە چاکسازییەکان دەبێت بەرە بەرە بکرێت، ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە لە سەدا 90 ی عێراقییەکان بڕوایان بە پێویستی چاکسازی لەم وڵاتەدا هەیە.
ڕاپرسییەکە لە ئەنجامدا بەوە گەیشتووە کە ئەگەر سیستەمی سیاسی بتوانێت تا ڕادەیەک دۆخی بژێوی ژیانی خەڵک باشتر بکات، متمانەی ئەوان بە دیمۆکراسی زیاتر دەبێت و بە پێچەوانەی ئەمەش ڕەوتی دابەزینی متمانەی خەڵک بە دیمۆکراسی و سیستەمی سیاسی عێراق زیاتر دەبێت./.