لە کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و سودانی باسی چی کراوە؟
(0) /
کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی چوارشەممە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و محەممەد شیاع سودانی، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی هەرێم و عێراق باس کرا و جەخت لە سەر پاڵپشتیکردنی پرۆژەی نیشتمانی عێراق کرایەوە کە خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی سیاسی و سەقامگیریدا دەمێنێتەوە.
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو کۆبوونەوەدا بە بۆنەی تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سوپاسی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد و وتی کە پێویستە ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بێت بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجەییەکان و حکومەتی عێراقیش مافە یاسایی و دەستوورییەکان بەرامبەر بە هەڵەبجە جێبەجێ بکات.
بافڵ تاڵەبانی وتی کە یەکێتی بە یەک ئاراستە و یەک بڕیار لە درێژەی هەمان سیاسەت و ستراتیژی سەرۆک مام جەلال سیاسەت دەکات و دەیەوێت لە گەڵ دۆستەکان پێکەوە خزمەتی گەل و وڵات بکرێت و بڕواشی بە هاوبەشی و شەراکەتی ڕاستەقینە و گیانی پێکەوەیی هەیە.
محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ڕایگەیاند کە سەقامگیری سیاسی عێراق بەندە بە سەقامگیری سیاسی هەرێمەوە و ئەرکی حکومەتیشە خزمەتی هەمووان بکات و پرۆسەی چاکسازی بەردەوام بێت./.
تێبينيێك بنێرە: