نێچیرڤان بارزانی لە سەر ئەنفال داوایەک لە حکومەتی عێراق دەکات

(0) / / كوردستان / عێراق کوردستان نێچیرڤان بارزانی


Apr 14, 2023

قەبارەی فۆنت:
وەک هەموو ساڵێک و لە ساڵیادی تاوانی ئەنفال، سەرکردەکانی کورد ئەرکی خۆیان تەنیا بە دەرکردنی پەیام و بەیاننامەیەک جێبەجێ دەکەن. ئەمساڵیش زۆربەی سەرکردە حزبی و حکومییەکان بە هەمان ڕێڕەوی ساڵانی ڕابردوودا ڕۆیشتوون.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵیادی ئەنفال ڕایگەیاندووە کە حکومەتی عێراق دەبێت قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە هەموو ڕوویەکەوە بکاتەوە و بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق جێبەجێ بکات کە ئەنفالی بە جینۆساید و تاوانی دژە مرۆیی ناساندووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستانیش هەرچی لە توانایدا بێت باشتر خزمەتی ئەنفالکراوان دەکات و بایەخ و گرنگییەکی زیاتریان پێدەدات.
بارزانی ڕایگەیاندووە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی سەدان هەزار شەهیدی تاوانی سامناکی وەک ئەنفالەکان و کیمیاباران و قوربانیدانی گەلی کوردستانە.
سەرۆکی هەرێم داوایکردووە کە با بە یەکڕیزی و تەبایی و کاری هاوبەش بۆ پاراستنی دەسکەوت و مافەکانمان، ڕێز لە گیان و یادی شەهیدان بنرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت تا ئەنفال لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بە جینۆساید بناسرێت و هیچ کات لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان تاوانی وەها دووبارە نەبێتەوە./.