ئایا بارزانی پاڵپشتی لە ئەردۆغان دەکاتەوە؟

(0) / / ڕاپۆرت / مەسعود بارزانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان


May 02, 2023

قەبارەی فۆنت:
پەیوەندی دۆستانەی نێوان سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و سەرۆک کۆماری تورکیا لە گەرمەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە کە کوردەکان ڕۆڵی بەرچاوی تێدا دەگێڕن بووەتە بابەتێکی گرنگی سیاسی.
دوو بەرەی سەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەبینرێن. لە لایەکەوە پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانی و لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کە کوردەکانیش لە خۆ دەگرن. ئەمەش وایکردووە کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و هاوپەیمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕوبەڕوی هەلومەرجێکی دژوار ببێتەوە. لە گەڵ ئەمەش ڕێگریی تورکیا لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە پاش ڕێکەوتنە نەوتییەکەی هەولێر و بەغدا زیانی بە پەیوەندییەکانی بارزانی و ئەردۆغان گەیاندووە.
لە چاوپێکەوتنێکی بێدەنگدا کە کاردانەوەی ئەوتۆی میدیایی نەبوو، مەسعود بارزانی لە هەولێر پێشوازیی لە زەکەریا یاپیچی ئۆغلۆ سەرۆکی هوداپار کرد کە لە هاوپەیمانەکانی ئەردۆغانە. ئەم پارتە ئیسلامییە سەرەڕای ئەوەی کە لایەنگرێکی زۆری نییە، لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا چالاکی دەکات.
پەیوەندییەکانی بارزانی و ئەردۆغان مێژووییەکی هەیە و سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2013 پاڵپشتیی لە ناوبراو کرد و بەشداریی لە کەمپینی هەڵبژاردنی ئەردۆغان لە شاری ئامەد کرد و لە لایەن ناوبراوەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا کە لەو کاتەدا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی تورکیا بانگەشەی دەکرد.
سەردانەکەی سەرۆکی هوداپار بۆ هەولێر پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و کاریگەری دەنگی کوردانەوە هەیە و 10 ملیۆن دەنگی کوردەکان لەم هەڵبژاردنانەدا ڕۆڵی گرنگ و تەنانەت یەکلاکەرەوەی دەبێت.
ئێستا دیار نییە کە مەسعود بارزانی دیسانەوە پاڵپشتی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکاتەوە یان نە. پەیوەندییەکانی بارزانی و ئەردۆغان زیاتر ئابورییە و بوونی سنوری هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و چالاکی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەم پەیوەندییەی بەهێزتر کردووە. زیاتر لەمەش پارتی و تورکیا دژایەتی پەکەکە دەکەن و ئەمەش خاڵێکی دیکەی هاوبەشی نێوانیانە.
لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ وەک کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی کوردی داوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە گەڵ ئەوانەی بووەتە هاوپەیمان کە دژایەتی کورد دەکەن و ئەمەش هاوکێشەکەی تێداوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بارزانی و ئەردۆغان دەتوانین بڵێین کە ئەم پەیوەندییانە تا ڕادەیەک کەسییە و سەرەڕای کێشە و گرفتەکان، پەیوەندی و هاوکاری ئابوری و بازرگانی نێوان هەر دوو لا بەردەوامە.
ئەردۆغان وەک کەسێکی دوژمنی کورد دەناسرێت و ئەگەر بارزانی کۆبوونەوە یان پاڵپشتییەکی لە ناوبراو هەبێت ڕەنگە کاریگەریی لە سەر تێڕوانینی ڕای گشتی هەبێت.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە مەسعود بارزانی چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکەی دەبێت و پاشان هەڵوێستی خۆی ئاشکرا دەکات تا زیان بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ هیچ لایەنێک نەگات./.