لە قاهیرە چی ڕوو دەدات، ئایا سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دەگەڕێتەوە؟

(0) / / فایلی تایبەت / سوریا


May 07, 2023

قەبارەی فۆنت:
میدیاکانی سعوودیە ڕایانگەیاندووە کە ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی پشتیوانی لە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆبوونەوەکانی ئەم ڕێکخراوە ناوچەییە دەکەن و بڕیارە ئەمڕۆ یەک شەممە لە سەر ئەم بابەتە بڕیاری کۆتایی بدەن.
ڕۆژی شەممە 6 ی ئایاری 2023 کۆمکاری عەرەبی لە ئاستی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام سەبارەت بە گەڕانەوەی سوریا کۆبووە.
ڕۆژنامەی عۆکاز ی سعوودیە لە سەر زاری سەرچاوەیەکی عەرەب ڕایگەیاندووە کە لەو کۆبوونەوەدا پشتیوانییەکی زۆر لە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کراوە.
ئەو سەرچاوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە بڕیاری گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی لە ئەستۆی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامە کە لە دوو کۆبوونەوەی نائاسایی ڕۆژی یەک شەممە 7 ی ئایار لە قاهیرە دەردەکرێت. لەو دوو کۆبوونەوەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی سوریا و سودان تاوتوێ دەکرێت.
کەناڵی العربیە ی سعوودیەش ڕایگەیاندووە کە ئەگەری گەڕانەوەی سوریا بۆ کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی لە ئارادایە.
بە تێپەڕبوونی 12 ساڵ بە سەر قەیرانی سوریا و لە پاش شکستی هەوڵەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، وڵاتانی عەرەبی هەوڵی گەڕانەوەی سوریا بۆ کورسییەکەی دەدەن. هەوڵەکانی سعوودیە و عێراق لەم پێناوەدا بەرچاوترە.
گەڕانەوەی سوریا لە لایەن مەغریب، کوێت، قەتەر و حکومەتە ڕووخاوەکەی یەمەن کە سەر بە سعوودیەیە، ڕەتکراوەتەوە و دیار نییە کە لەم ماوەیەدا سعوودیە چ ڕاوێژێکی بەوان کردووە و ئایا لە بڕیاری سعوودیە دەردەچن یان نە.
ئێستا کەشێکی باشتر بۆ گەڕانەوەی سوریا خوڵقاوە و لە ڕۆژی شەممەوە میدیاکانی سعوودیە بە چڕی باس لە ئەگەری سەرکەوتنی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی سوریا دەکەن.
هەروەها ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئەردەن ڕایگەیاندووە کە سوریا لە زووترین کاتدا بۆ کۆمکاری عەرەبی دەگەڕێتەوە و وڵاتانی عەرەبی لە سەر گەڕانەوەی ئەم وڵاتە یەک بۆچوونیان هەیە و ناکۆکییەکان زیاتر لە سەر شێواز و چۆنیەتی گەڕانەوەکەیە./.