وەزیری دەرەوەی پێشووی پاکستان دەستبەسەر کرا

(0) / / ئاسیا / پاکستان


May 11, 2023

قەبارەی فۆنت:
پاش دەستبەسەرکردنی عمرانخان سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان، چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی پێشووی ئەو وڵاتە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران، هاوکات ئاڵۆزییەکی زۆر و خۆپێشاندان و شەڕ و پێکدادان لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان ڕووی لە ناوچە جیاجیاکانی پاکستان کردووە.
شا مەحمود قورەیشی وەزیری پێشووی دەرەوە و جێگری سەرۆکی پارتی تەحریک ئنساف ی پاکستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
تەنیا چەند کاتژمێر پێش ئەوەش فۆئاد چودەری وەزیری پێشووی ڕاگەیاندن و چەندین بەرپرسی باڵای پارتەکەی عمرانخان لە شاری ئیسلام ئاباد دەستبەسەر کران.
ڕۆژی چوارشەممەش ئەسەد عومەر وەزیری پێشووی دارایی و سەید عەلی حەیدەر زەیدی وەزیری پێشووی دەریاوانی پاکستان دەستبەسەر کران.
لایەنگرانی عمرانخان ئەمڕۆ پێنج شەممە هێرشیان کردە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە شاری لاهور بەڵام ناوبراو لەوێ نەبووە.
سوپای پاکستان ڕایگەیاندووە کە بە توندترین شێواز ڕوبەڕوی ئەوانە دەبێتەوە کە بە تێکدەر ناوی بردوون./.