پارتی و یەکێتی: بڕیارە وەک یەک تیم کار بکەین

(0) / / كوردستان / مەسعود بارزانی کوردستان


May 16, 2023

قەبارەی فۆنت:
پاش کۆبوونەوەی هەر دوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی، ڕاگەێندراوێکی هاوبەش بڵاو کرایەوە.
لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە " لە پاش دەستپێشخەرییەکەی جەنابی کاک مەسعود بارزانی کە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە 11 ی ئایاری 2023 پێشکەشیکرد، ئەمڕۆ 16 ی ئایار هەر دوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە ".
پارتی و یەکێتی لە درێژەدا ڕایانگەیاندووە کە " لە سەرەتای کۆبوونەوەدا هەر دوو لا وێڕای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەرییەکەی بارزانی کە لە کاتی پێویستدا بووە، هاوڕا بوون کە پێکەوە لە گەڵ لایەنە بەڕێزەکانی دیکەش هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییە و ناوماڵی کوردستان ڕێکبخرێتەوە و لاپەڕەیەکی نوێ لە کۆی پەیوەندییەکان بکرێتەوە ".
پارتی و یەکێتی لە بەشێکی دیکەی ڕاگەێندراوەکەدا باسی ئەوەیان کردووە کە " هەر دوو لا بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش بکرێت بۆ دابینکردنی کەشی لەباری یاسایی و سیاسی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەیە "./.