حیزبی بەعس لە ئەردەن چالاکییەکانی دەستپێکردووەتەوە

(0) / / ئاسیا / عێراق


May 29, 2023

قەبارەی فۆنت:
یەکێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ئەمریکی لە ئەردەن لە گەڵ ئەندامانی حیزبی لەناوچووی بەعس کۆبوونەتەوە تا بتوانن بە چالاکی ئەم حیزبە لە ئەمان دیسانەوە زیندووی بکەنەوە.
ئەحمەد دلێمی یەکێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق، ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی حیزبی بەعسی عێراق و ئەردەن پێکەوە کۆبوونەتەوە.
ناوبراو وتی: ئەو کۆبوونەوەش پێش دەرکردنی موڵەتی چالاککردنەوەی حیزبی بەعسی عێراق لە خاکی ئەردەندا بووە و ئەمەش ڕەخنە و کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆی عێراق بە دوای خۆیدا هێناوە.
دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئەردەن لە بەرواری 15 ی ئایاری 2023 موڵەتی چالاکی 27 حیزبی دەرکرد کە یەکێک لەوان حیزبی بەعس باڵی ئەردەنە و ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری عێراقییەکانی بە دواوە بووە.
حیزبی بەعسی ئەردەن بە پێچەوانەی حیزبی بەعسی سوریا پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ حیزبی بەعسی عێراق هەیە و زۆربەی سەرکردەکانی ئەم حیزبە لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتەکەی سەدام و لەسێدارەدانی ناوبراو بۆ ئەردەن هەڵهاتوون، بە تایبەت ڕەغد سەدام کچی دیکتاتۆری پێشووی عێراق کە لە ئێستادا لە شاری ئەمانە و بە شێوازێک سەرکردایەتی حیزبی بەعس لە ئەردەن دەکات، ناوبراو چەند مانگی ڕابردوو خواستی خۆیی بۆ چالاکی سیاسی لە ئەردەن ڕاگەیاندبوو.
دلێمی هەروەها ڕایگەیاندووە کە هێشتا ناوەڕۆکی ڕێکەوتنی نێوان ئەمریکا، ئەردەن و سەرکردەکانی حیزبی بەعس ئاشکرا نەکراوە بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم بابەتە لە داهاتوودا زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەمان دەگەێنێت.
ناوبراو وتی کە چەندین کۆبوونەوە لە نێوان ئەمریکا، ئەردەن و سەرکردەکانی بەعس بەڕێوەچووە و ئامانجەکەشی ئەوەیە کە حیزبی بەعس بتوانێت بە شێوازی یاسایی چالاکییەکانی لە ئەردەن دەست پێبکاتەوە.
ئەندامانی حیزبی بەعس بە تایبەت ڕەغد سەدام، لە کاتی هەڵهاتن بۆ ئەردەن بە ئازادانە لەو وڵاتە چالاکی دەکەن و ناوە ناوە بە لێدوانەکانیان دەبنە هۆکاری توڕەبوونی عێراقییەکان، ئەو لێدوانانە لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ عێراق گەیشتە لوتکە و پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان ئەفسەرانی حیزبی بەعس لە ئەردەن و سەرکردەکانی داعش هەبووە و فەرماندەیی چالاکییەکانی داعش لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ئەستۆی بەعسییەکان بووە.
بەفەرمیبوونی چالاکییەکانی حیزبی بەعس لە ئەردەن بە واتای ئەوەیە کە ئەندامەکانی دەتوانن بە ئاسانی بچنە پەرلەمان و حکومەتی ئەو وڵاتە و ئەمەش بۆ عێراقییەکان قبووڵکراو نییە./.