عێراق سێهەم هاوبەشی گەورەی بازرگانی چینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

(0) / / ئاسیا / عێراق چین


May 31, 2023

قەبارەی فۆنت:
پاش سعوودیە و ئیمارات، عێراق لە پلەی سێهەمی گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی چینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم پلەیەش تایبەتە بە سێ مانگەی سەرەتایی ئەمساڵ.
منار عۆبەیدی سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوە ئابورییەکانی " عێراقی داهاتوو " ڕایگەیاند کە بە پێی ئامارەکانی دەستەی گومرکی چین، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی گرووپی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەڵ چین لە سێ مانگەی سەرەتایی ساڵی 2023 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 5 بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 113 ملیار دۆلار.
ناوبراو وتی: سعوودیە بە ڕێژەی بازرگانیی 27 ملیار دۆلار و گەشەی لە سەدا 10، لە پلەی یەکەمی گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی چینە لە ناوچەکە و پاشان ئیمارات بە 23 ملیار و عێراق بە 12.4 ملیار دۆلار لە پلەکانی دووەم و سێهەمدان.
عۆبەیدی وتی: کۆی گشتی هەناردەی عێراق بۆ چین لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی 2023 بە بڕی 9 ملیار دۆلار بووە کە ئەویش هەناردەی نەوت بووە.
هەروەها کۆی گشتی هاوردەی عێراق لە چین لەم ماوەیەدا 3.4 ملیار دۆلار بووە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 23.44 بەرزبوونەوەی هەبووە.
عێراق لەم ماوەیەدا هەناردەی نانەوتیی بۆ چین نەبووە./.