وەزیری دارایی هەرێم: عێراق لە ڕێکەوتنەکان پەشیمان بووەتەوە

(0) / / كوردستان / کوردستان


Jun 10, 2023

قەبارەی فۆنت:
وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەنەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن کەئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشوی عێراقە و دەشڵێت، "دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەمو ئەو ڕێکەوتنانە پەشیمان بونەوە کە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجامدرابون.
ئاوات شێخ جەناب پەیامێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە ڕاستیەک هەیە کە کەس ناتوانێت سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بەدەربکات لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی، هەربۆیە بەرنامەی چاکسازی ڕاگەیاندوە، بەڵام نابێت هیچکات ڕێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن تیکەڵ بەمافە دەستوری و یاسایی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هەمو ئەو گۆڕانکاریانەی لەو بڕگەو مادانەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کراون کە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستور و هەمو ئەو بڕیار و ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنانەن کە لەپێش پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لە نێوان هەرێمی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆکراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری کابینەکە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیان لە سەر دراوە، دواتریش ڕێکەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی بەدوادا هات و دواین ڕێکەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕۆژی 4ی (نیسان/4)ی 2023 بەئامادەبونی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا واژۆ کرا.
لە درێژەی پەیامەکەی ئاوات شێخ جەنابدا هاتووە کە هەر لەسەرەتای ڕەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجە لەحکومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەمو ئەو ڕێکەوتنانە پەشیمان بونەوە کە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا ئەنجامدرابون، ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست کە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەنەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن کەئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی پێشوی عێراقە و بەردەوامی سیاسەتێکی هەرێمی یە بەرامبەر بە دۆزی کورد.
وەزیری دارایی هەرێم هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەداخەوە جارێکی تر بەهۆی ناکۆکی و دوبەرەکی ناوماڵی کوردو بەهۆی مزایەدەیەی سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەوە نەتوانرا کێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەکان جیابکرێتەوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە ئەو کەشوهەوا ناتەندروستەی لە ئێستادا دروستبوە و دۆخێکی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندوە هاوتای ئەنفالێکی ترە کە ئۆباڵەکەی ئەگەر جاران بەتەنیا لە ئەستۆی حزبەکانی دەسەڵات بوبێت، ئەوا لەمەودوا لەئەستۆی هەمو ئەو حزب و هێز و لایەنانەیە کە دەنگیان بە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق داوە، ئۆباڵی هەمو ئەو کێشە و ئاستەنگە ئابوریی و داراییانەی کە لەمەودوا بەرۆکی حکومەتی هەرێم دەگرێت لە ئەستۆی ئەوان و حکومەتی عێراقدایە./.