شاندێکی ئەمنی ئێران لە هەرێمی کوردستان بووە

(0) / / كوردستان / ئێران کوردستان


Jun 23, 2023

قەبارەی فۆنت:
هەفتەی ڕابردوو شاندێکی باڵای ئەمنی ئێران لە هەرێمی کوردستان بووە و چەندین کۆبوونەوەیان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای حیزبی و حکومی هەبووە.
شاندەکەی ئێران لە هەولێر و سلێمانی کۆبوونەوەکانیان کردووە. کۆبوونەوەکان هاوکات بووە لە گەڵ چەندین پێشهاتی ئەمنی لە ناوچەکە و پەیوەندیدار بەم وڵاتەوە.
یەکەم ئەوەی کە ئێران بە ڕێکەوتنی ئەمنی لە گەڵ عێراق هەوڵی چەککردنی گرووپەکانی دژبەری خۆی لە هەرێمی کوردستان دەدات و دەیەوێت ئەو لایەنانە لە دوو کەمپدا لە سنوری سلێمانی و هەولێر جێگیر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش گوشارەکانی لە سەر حکومەتی عێراق زیاتر کردووە و بەغداش بەم هۆیەوە گوشاری زۆری لە سەر حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی داناوە.
هەروەها سەردانی شاندە ئێرانییەکە لە کاتێکدا بووە کە هێزەکانی حکومەتی ئەلبانیا هێرشیان کردە سەر کەمپی ئەشرەف لەو وڵاتە کە شوێنی نیشتەجێبوونی گرووپی موجاهدینە کە لە ئێران بە مونافقین دەناسرێن و پێشتر لە عێراقدا بوون. ئەمە پێشهاتێکی گرنگە و تەنانەت هێرشەکە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
هەروەها پاش ئەو سەردانەش دوو باڵی کۆمەڵە لە سنوری پارێزگای سلێمانی بوو بە شەڕیان و چەندین کەس کوژران و بریندار بوون.
سەردانی شاندەکەی ئێران بۆ ئەوە بووە کە بزانن ئایا پارتی و یەکێتی پابەندی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی تاران و بەغدان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورە هاوبەشەکان یان نە؟