حەجی ئەمساڵ بە ئامار و ژمارە

(0) / / ڕاپۆرت / سعوودیە


Jul 03, 2023

قەبارەی فۆنت:
دۆسیەی حەجی ئەمساڵ بە بەشداری زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار حاجی و بە ڕاگەیاندنی سەرکەوتن لە بەرێوەچووندا لە لایەن حکومەتی سعوودیەوە کۆتایی هات.
بە پێی ئامار و ژمارە فەرمییەکان، ژمارەی حاجییەکانی ئەمساڵ یەک ملیۆن و 845 هەزار و 45 حاجی لە زیاتر لە 150 وڵاتی جیهانەوە بووە کە یەک ملیۆن و 660 هەزار و 915 حاجی لە دەرەوەی سعوودیەوە بووە.
ژمارەی 184 هەزار و 130 حاجیش لە ناوخۆی سعوودیەوە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی حەجی ئەمساڵدا کردووە.
ئەمساڵ 969 هەزار و 694 حاجی پیاو و 875 هەزار و 351 حاجی ژن بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی حەجدا کردووە.
هەروەها ژمارەی حاجییەکانی وڵاتی عەرەبی 346 هەزار و 214 حاجی بووە کە لە سەدا 21 ی کۆی گشتی حاجییەکانی ئەمساڵیان پێکهێناوە.
ژمارەی حاجییەکانی وڵاتانی ئاسیایی – بەدەر لە وڵاتانی عەرەبی – یەک ملیۆن و 56 هەزار و 317 کەس بووە کە لە سەدا 63.5 ی کۆی گشتی حاجییەکانی پێکهێناوە.
لە وڵاتانی ئەورووپی، ئەمریکا، ئۆسترالیا و وڵاتانی دیکەش 36 هەزار و 521 حاجی – لە سەدا 2.1 ی حاجییەکان – بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی حەجدا کردووە.
سەبارەت بە شێوازی گەشتکردنی حاجییەکانیش، ئامارەکان دەڵێن کە یەک ملیۆن و 593 هەزار و 271 حاجی لە ڕێگای ئاسمانی، 60 هەزار و 813 کەسیش لە سنورە وشکانییەکان و 6 هەزار و 831 حاجی لە ڕێگای سنورە ئاوییەکانەوە سەردانی سعوودیەیان کردووە.
حەجی ئەمساڵ یەکەم حەجی پاش پەتای کۆرۆنا بووە کە بە ڕێژەیەکی تەواو بەڕێوەچووە.
ساڵی 2022 حەج بە بەشداری 899 هەزار و 353 کەس، ساڵی 2021 بە بەشداری 60 هەزار و ساڵی 2020 یش بە بەشداری 10 هەزار کەس بەڕێوەچوو.
دوایین حەجی پێش کۆرۆناش لە ساڵی 2019 بە بەشداری نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهانەوە بەڕێوەچوو.
ئەمساڵ زیاتر لە 2 ملیۆن بتڵ ئاوی زەمزەم لە نێو حاجییەکان دابەش کرا.
وەزارەتی حەج و عەمرەی سعوودیە دەرفەتی حەجی بۆ 450 خاوەن پێداویستی تایبەت و هەتیو دابین کرد.
هێزە ئەمنییەکانی سعوودیەش 17 هەزار و 615 کەسیان بە هۆی نەبوونی موڵەتی یاسایی لە ڕێوڕەسمی حەج دوور کردەوە.