ئێران وتووێژەکانی لە گەڵ یەکێتی ئەورووپا هەڵپەسارد

(0) / / ئەورووپا / سەعید خەتیب زادە


Apr 12, 2021

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە تاران وتووێژەکانی لە گەڵ یەکێتی ئەورووپا بە تایبەت وتووێژەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤی هەڵپەساردووە و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی سزای بەرامبەریش تاوتوێ دەکات.

سەعید خەتیب زادە لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بڕیاری سزادانی 8 گەورە بەرپرسی سەربازی ئێران لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە، وتی کە تاران ئەم بڕیارە بە توندی ئیدانە دەکات و هیچ بایەخێکی بۆ دانانێت.

ناوبراو وتی: بێگومان بڕیاری لەم شێوەیە لە لایەن ئەوانەی بە درۆوە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن، ئامانجێکی سیاسیی لە پشتەوەیە و لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافی گەلی ئێران نەک تەنیا بێدەنگییان هەڵبژاردووە بەڵکوو بوونەتە هاوڕێی و پاڵپشتیشیان لێکردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: تاران وتووێژەکانی لە گەڵ یەکێتی ئەورووپا بە تایبەت لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، تیرۆریزم، پەنابەران و مادە هۆشبەرەکان ڕاگرتووە.

وتیشی کە چۆنیەتی سزادانی بەرامبەر بڕیارەکەی یەکێتی ئەورووپا لە لایەن ئێرانەوە تاوتوێ دەکرێت./.