فیدراسیۆنێک لە هەرێمی کوردستان درووستکرا

(0) / / كوردستان / هەرێمی کوردستان


Aug 01, 2023

قەبارەی فۆنت:
کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووس و نووسەر و ئازادیخوازانی هەرێمی کوردستان فیدراسیۆنێک بە مەبەستی درووستکردنی ڕای گشتی لە دژی هەر هەوڵێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان درووست دەکەن و داوای پشتیوانیش لە ئازادیخوازان دەکەن.
دەقی یەکەم بەیاننامەی بۆردی سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ:
بۆ ڕای گشتی، نووسەران، ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ، میدیا و میدیاکارانی ئەهلی و ئازاد،
پشتیوانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادیی وشە و قەڵەم،
دۆخی باشووری کوردستان و ناوچەکە ناسەقامگیر و ئاڵۆزە، ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەرییەکانی ئەم ناسەقامگیرییە لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زیادتر دەردەکەوێت.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ناتەبایی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوەکی، لە دەستدانی متمانەی خەڵک، نەبوونی گوتاری نیشتمانی هاوبەش و نەخشەڕێگەیەکی ڕوون لەبارەی پرسە ستراتیژییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، هەمانکات ناکاریگەربوونی ئۆپۆزسیۆن، کە بتوانن جێگەی ئومێدی گواستنەوەی خەڵکی کوردستان بن بەرەو دۆخێکی ئارامتر و پەروەردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشتر، هەروەها شکستهێنان لە دروستکردنی ڕایگشتی سەبارەت بە پرسە گرنگە ژیانییەکان، ڕەنگە بەشێک لەو هۆکارانە بن، کە نە تەنیا دۆخی باشووری کوردستانی لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، ڕووبەڕووی چەقبەستووییەکی ترسناک کردووەتەوە، بەڵکو ڕێگەخۆشکەریش بووە بۆ هەرچی زیاتر فراوانکردنی ڕووبەرەکانی ستەمکاری و بەرتەسککردنەوەی فەزای ئازادی ڕادەربڕین، بچووککردنەوە و لە قاڵبدانی کاری پیشەییانەی سەندیکایی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
 کۆی ئەم هۆکارانە و بێگومان هی دیکەیش، کەم تا زۆر، کاریگەرییان بەسەر پەرتکردنی دەنگ و سەنگی ڕاستەقینەی خانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە و وزە و هێزی یەکخستنی ڕووبەری ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکارییەوە داناوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتن و خوێندنەوەیەدا، وەک وەڵامدانەوەیەک بە پێویستییەکانی ئێستای کوردستان، بە پێویستمان زانی فیدراسیۆنێک لە
(میدیاکاران، نووسەرانی ئازاد و سەربەخۆ)، بە تایبەت ئەوانەی بە ڕاستی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی سیاسیدان، ڕابگەیەنین و هەوڵدەدەین هەمووان لە دەوری پرۆژەیەکی نیشتمانی هاوچەرخدا، بۆ یەک ئامانج کۆببینەوە.
 ئەم فیدراسیۆنە، ڕاستە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی ئازاد و سەربەخۆ لە ڕووی ئینتیمای حیزبییەوە، ڕادەگەیەنرێت و سەرپەرشتی دەکرێت، بەڵام ڕووبەری کۆمەڵایەتی کارکردن و ئامانجەکانی، کوردستانی و گشتییە. فیدراسیۆن، نەک تەنیا گەرەکییەتی لە پشتی هەموو دەنگ و ڕەنگێکی ئازاد بوەستێت، بەڵکو دەخوازێت کۆی دەنگ و ڕەنگەکانی، کە خەونی ئازادی و ژیانێکی ئازادیان هەیە، خۆیان بە بەشێک لە فیدراسیۆنەکەو، خەون و ئامانجەکانیشیان، بە بەشێک لە خەون و ئامانجەکانی فیدراسیۆن بزانن، هەر بۆیە ڕایدەگەیەنین فیدراسیۆن دەرگای کراوەیەو هەموو ئەوکەسانە خاوەنی دەبن کە تێدەکۆشن لە پێناو فراوانکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربرین و، دەوەستنەوە لە دژی ستەم و نادادی و سەرکوتکردنی دەنگە ئازاد و بوێرەکانی دەرەوەی دەسەڵاتداران.
ئامانجەکانی فیدراسیۆن:
هەوڵدان بۆ فراوانکردنی فەزای گشتی.
چاونەپۆشین و لە قاودانی هەموو جوڵە و هەوڵێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین.
هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕایگشتی لە دژی هەر یاسا و ڕێسایەک، کە ئازادی ڕادەربڕین بخاتە ژێر پرسیارەوە.
وەستانەوە و هەڵوێست نواندن بەرانبەر هەر دەستدرێژی و پەلامارێک بۆ سەر میدیا و میدیاکار، نووسەرانی سەربەخۆ و ئازاد.
هەوڵدان بۆ کاری هاوبەش بە ئامانجی ڕەخساندنی کەشێکی ئەرێنی بۆ کاری میدیایی و ئازادی نووسین.
دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە جیهانییانەی، کە لە گەڵ ئامانجەکانی فیدراسیۆن کۆک و تەبا دێنەوە بە ئامانجی بە جیهانییکردنی ئەو گرفت و ڕێگریانەی بۆ میدیاکاران و نوسەران و ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ و ئازاد دروستدەکرێت لە هەرێمی کوردستان.