عێراق تێلیگرامی ڕاگرت

(0) / / ئاسیا / عێراق


Aug 06, 2023

قەبارەی فۆنت:
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی پلاتفۆڕمی تێلیگرامی ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی عێراقدا هاتووە کە بڕیارى راگرتنى تێلیگرام لەسەر بنەماى رێنماییەکانى سەروو خۆیانەوە بووە، کە پەیوەستە بە ئاسایشى نیشتیمانییەوە، هاوکات لەپێناو پاراستنى زانیارییە کەسییەکانى هاووڵاتیان بووە، کە تێلیگرام دزەى بە زانیارییە ئاسایشییەکانەوە کردووە و ئەمەش پێشێل کردنى یاسایە.
لاى خۆیەوە هویام یاسرى وەزیرى گواستنەوە و گەیاندنى عێراق ڕایگەیاندووە، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان چەندین جار داوایان لەو کۆمپانیایە کردووە کە تێلیگرام بەڕێوەدەبات، پلاتفۆڕمەکە دابخرێت، چونکە دەبێتە هۆى دزە کردنى زانیارییە کەسییەکان و ئەوەش مەترسى دروست کردووە لەسەر ئاسایشى نیشتیمانى و ئاشتى کۆمەڵایەتى، بەڵام بەهیچ شێوەیەک وەڵامیان نەدراوەتەوە.
هاوکات هویام یاسرى وتیشى "وەزارەتەکەیان تەئکید دەکاتەوە کە رێز لە ماف و ئازادییەکانى هاووڵاتیان دەگرێت بە دەربڕینى راى خۆیان و پەیوەندییەکانیان، بەبێ ئەوەى زیان بگەیەنن بە ئاسایشى دەوڵەت و دامودەزگاکانى، هەروەها متمانەى هاووڵاتیانیش لەو رووەوە بۆ وەزارەتەکەیان بە گرنگ دەزانن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی عێراق بۆ ڕاگرتنی پلاتفۆڕمی تێلیگرام لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.