ئێران و سعوودیە جەخت لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە

(0) / / ئاسیا / ئێران سعوودیە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان


Aug 17, 2023

قەبارەی فۆنت:
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە ڕیاز جەختیان لە سەر ئیرادەی هەر دوو وڵات بۆ پتەوکردن، قووڵکردن و چالاککردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە.
فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، وتی کە لە کۆبوونەوە هاوبەشەکەدا جەختمان لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان کردووەتەوە.
بن فەرحان وتی کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە پێناو تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی پێشوو و بۆ جەختکردنەوە لە پەیوەندییەکی ڕاستگۆیانە و جیدیبوونی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات کراوە.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە وتی کە لەم کۆبوونەوەدا جەخت لە سەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی پێشوو بە تایبەت لە بواری ئەمنی و ئابوری کراوەتەوە.
ناوبراو وتی کە سعوودیە پێشوازی لە هاتنی سەرۆک کۆماری ئێران بە پێی بانگهێشتی فەرمی دەکات.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وتی کە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات کەوتووەتە سەر ڕاستە ڕێگای خۆی و دانوستان لە گەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیەش ئەرێنی بووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بیرۆکەی وتووێژی ناوچەیی خستەڕوو و وتی کە بە هاوکاری سعوودیە کێشەکانی ناوچەکە دەکرێت بەرەو چارەسەربوون ببرێت.
ناوبراو وتی کە گومان لەوەدا نییە ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکەی ئێمە پیلانگێڕی دەکات و دەبێت لە بەرامبەر ئەوەدا ووشیار بین.
ناوبراو وتی کە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە لایەن شای سعوودیەوە بە فەرمی بانگهێشت کراوە و ئەو سەردانە لە کاتێکی گونجاودا دەکرێت.