عێراق: ڕێکەوتووین کە فڕینی درۆنەکانی ئەمریکا بە موڵەتی بەغدا بێت
(0) /
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاماژە بە دانوستانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی ئەم وڵاتە و ئەمریکییەکان لە واشنتن، وتی کە ڕێکەوتن کراوە کە درۆنەکانی ئەمریکا پاش وەرگرتنی موڵەتی حکومەتی عێراق لە ناوچە ئەمنییەکان بفڕن.
خالید یەعقوبی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی ڕایگەیاندووە کە شاندە ئەمنی و سەربازییەکەی عێراق بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی وەزیری بەرگری لە کۆبوونەوەکانی واشنتن جەختی لە سەر پێویستی پاراستنی سەروەری وڵات کردووەتەوە و لەو کۆبوونەوانەدا داواکارییەکانی عێراقی مسۆگەر کردووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە کۆنووسێک لە نێوان عێراق و ئەمریکا واژۆ کراوە کە تێیدا هاتووە فڕینی درۆنە ئەمریکییەکان لە ناوچە ئەمنییەکانی عێراق بە موڵەتی حکومەتی بەغدا بێت.
یەعقوبی وتی کە هیچ لایەنێکی دانوستانەکان ناتوانێت خۆی بە تەنیا بڕیار بدات و هەڵسووکەوت بکات.
وتیشی کە سەرۆک ئەرکانی پێشمەرگە ئەندامی شاندەکەی حکومەتی عێراق بووە و بڕیار دراوە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کۆمیتەیەکی هاوبەشی سەربازی پێک بهێندرێت.
تێبينيێك بنێرە: